رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵی هەنجیر لە هەورامان لە کۆتاییدان و بڕیارە جگە لە هەنجیر، بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناوچەکە و کوردستان بۆ سەردانیکاران بخرێنەڕوو.
یەکەمین فێستیڤاڵی هەنجیر، بڕیارە لە رۆژانی 13-14 و 15ی ئاب لە هاوینەهەواری (ئەحمەد ئاوا - زەڵم) لە دەڤەری هەورامان لە سنووری ناحیەی خورماڵ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەبچێت.
فەرەیدوون مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە فێستیڤاڵەکە هەنجیری هەورامان، خورماڵ و ناوچەکەمان دەفرۆشرێت، هەروەها میوەکانی دیکە، هەنگوین و بەرهەمە خۆماڵییەکانی دیکە بۆ فرۆشتن دەخرێنەڕوو".
یەکەمین فێستیڤاڵی هەنجیر بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و تۆڕی رێکخراوەکانی خورماڵ بەڕێوەدەچێت و لە سێ رۆژی فێستیڤاڵەکەدا، رۆژانە کاژێر 10:00ـی بەیانی بۆ 10:00ـی شەو پێشوازی لە سەردانیکاران دەکەن.
هەنجیری هەورامان و خورماڵ یەکێکە لە بەناوبانگترین جۆری هەنجیر لە کوردستان و خواستی زۆری لەسەرە.


