رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرمای ئەمڕۆ و سبەی جێگیر دەبێت و بەرزترین پلە لە گەرمیان دەبێت بە 49 پلەی سیلیزی. کەشناسێکیش پێشبینی دەکات، لە چوارشەممەوە پلەی گەرما چەند پلەیەک دابەزێت و "گڕەی بە تینی گەرما کۆتایی بێت".
ئەمڕۆ دووشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پلەی گەرمای ئەمڕۆ "نزیک دەبێتەوە" لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، بەرزترین پلە لە هەولێر 46 پلەی سیلیزی، سلێمانی 43 پلە، هەڵەبجە 45 پلە و دهۆک 44 پلەی سیلیزی دەبێت. هەروەها ئەمڕۆ گەرمترین پلە لە گەرمیان تۆمار دەکرێت، کە 49 پلەی سیلیزییە.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای سبەی رایگەیاندووە: "لە درەنگی شەودا ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک هەیە. پلەی گەرما نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ".
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشوهەوا، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی لە دوای نیوەڕۆوە ئەو رەشەبایەی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە کۆتایی دێت و بای شەماڵ هەڵدەکات".
لەبارەی دابەزینی پلەی گەرماوە، شاڵاو هیدایەت پێشبنی دەکات، لە "رۆژی چوارشەممە و پلەی گەرما نزیکەی سێ پلەی سیلیزی دادەبەزێت و ئەو گڕە گەرم و تووندەی ئێستا هەیە کۆتایی دێت و گەرمایەکی ئاسایی هاوینە دەبێت".
پلەی گەرمای سبەی بەگوێرەی کەشناسی:
هەولێر: 45 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 43 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 44 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 45 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 48 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 44 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 44 پلەی سیلیزی
پیرمام: 41 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 49 پلەی سیلیزی
ئاکرێ: 45 پلەی سیلیزی
حاج ئۆمەران: 34 پلەی سیلیزی


