رووداو دیجیتاڵ
باندێک لە هەولێر کچێکی تەمەن 15 ساڵ دەڕفێنن و بۆ ماوەی 23 رۆژ دەستدرێژی دەکەنە سەر، دوای ئەوەی کچەکە لە دەستیان هەڵدێت و سکاڵا تۆماردەکات، شەش کەس دەستگیردەکرێن، بەڵام تۆمەتبارێکی سەرەکی هێشتا دەستگیرنەکراوە، باوکی کچەکە دەڵێت، "لە کەسیان خۆشنابم،" پۆلیسیش دەڵێت، "کچەکە خۆی رۆیشتووە و داوایکردووە لە شەڵتەر بمێنێتەوە."
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، کاژێر 11:00ـی شەو، دوو خوشک یەکێکیان تەمەن 15 ساڵ و ئەوی دیکە تەمەنی 13 ساڵ، لە گەڕەکی ئیسکانی شاری هەولێر، بۆ کڕینی خواردن بۆ داپیرە نەخۆشەکەیان دەچنە دەرەوە. لەکاتی گەڕانەوەیاندا، لە یەکێک لە کۆڵانەکان دوو گەنج بە ئۆتۆمبێلێکەوە رێیان لێدەگرن و هەڕەشەیان لێدەکەن.
خوشکە بچووکەکە، شایەتحاڵی رووداوەکەیە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو کە شەهیان تەحسین پێشکێشیدەکات، گوتی، "پیاوێک لەپشتمانەوە دەڕۆیشت، گوتی وەرنە نێو ئۆتۆمبێلەکەمەوە ئەگەر نا بە ئۆتۆمبێل بەسەرتاندا دەڕۆم. خوشکم زۆر ترسا." بەگوتەی خوشکی ئەو کچەی رفێنراوە، دوای ئەوەی خوشکە گەورەکەی بەزۆر دەبرێتە نێو ئۆتۆمبێلەکە "یەکسەر دەرگەیان کلیلدا و رۆیشتن. خوشکم لە پشت جامەکەوە بانگی منی دەکرد، منیش چوومەوە ماڵەوە و ئاگادارمکردنەوە."
کچە رفێنراوەکە بۆ ماوەی 23 رۆژ لەلایەن باندەکەوە دەستبەسەردەکرێت، بەگوتەی باوکی و شایەتحاڵان، لەو ماوەیەدا ماددەی هۆشبەری پێدراوە، دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر و ئەشکەنجەش دراوە.
هێرش حەمەدەمین، باوکی کچە رفێنراوەکە، لە (بەرپرسیار) گوتی، "کچەکەم 23 رۆژ لە شوقەیەکی یەکێک لە پڕۆژەکانی هەولێر بووە. ستەمێکی زۆر گەورەیان لێکردووە. حەب و مەشرووبیان پێداوە و بێهۆشیانکردووە و دەستدرێژییان کردووەتە سەر."
شایەتحاڵێک بەناوی خوازراوی "محەممەد" لە بەرپرسیار، گوتی، کچە 15 ساڵانەکە دوای رفاندنی دەستاودەستی پێکراوە و دراوەتە چەند کەسێکی دیکە، لەنێویاندا خێزانێکدا ویستوویانە "کاری خراپی پێبکەن."
دوای 23 رۆژ، کچەکە لە دەستی باندەکە هەڵدێت و راستەوخۆ پەنا بۆ پۆلیس دەبات و سکاڵا تۆماردەکات.
هێرش، باوکی سێ کچە و بەهۆی هەژارییەوە لە چێشتخانەیەکی ئیسکان کاری قاپشۆریکردووە، بەڵام دوای رووداوەکە وازی لە کارەکەی هێناوە بۆ ئەوەی بەدوای کەیسی کچەکەیدا بێت. ئەو دەڵێت، "پارێزەرم نییە و هەر قەرزدەکەم و بەدوای کەیسەکەدا دەڕۆم."
کچەکە ئێستا ماوەی 17 رۆژە لە یەکێک لە شەڵتەرەکانی ژنانە لە هەولێر، باوکی گلەیی لە پۆلیس دەکات و دەڵێت رێکارەکانی ئازادکردنی کچەکەی دوادەخەن. "نازانم بۆچی ناینێرنەوە ماڵەوە. کچەکەم هەر تەلەفۆندەکات و دەڵێت 'باوکە کەی دەمگەڕێنیتەوە'، ئەگەر بگەڕێتەوە بەڵێندەدەم سەلامەتی لە ئەستۆ بگرم، کچەکەم گوناهە و دایکی نەماوە."
هێرش سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی مافی کچەکەی و رەتیکردووەتەوە لەگەڵ کەسوکاری تۆمەتباران سوڵحبکات. "لە هیچ کەسێکیان خۆشنابم، ئەگەر ئازادیش بن، ئەو کچانە یەتیم و لاواز و بێدایکن."
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "ئەو کچە خۆی رۆیشتووە و ئێستاش خۆی داوای داڵدەی کردووە و ناگەڕێتەوە ماڵەوە، نەوەک لە ماڵەوە لێیبدەن یان بیکوژن."
بەگوتەی سەرچاوەکەی پۆلیس، شەش کەس لەسەر ئەم کەیسە دەستگیرکراون کە ژنیشیان تێدایە و بڕیاری مانەوە یان گەڕانەوەی کچەکەش "لە دەستی پۆلیسدا نییە و دادوەر بڕیاردەدات." پۆلیس دەشڵێت، تۆمەتبارێکی سەرەکیی رووداوەکە هێشتا دەستگیرنەکراوە."
رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان کەیسەکەی وەرگرت و دوای بەدواداچوون، بەڵێنی هاوکاریی یاسایی، دەروونی و ماددی بەخێزانەکە دا.
لانە خالید، لێپرسراوی بەشی پاراستنی منداڵان لە رێکخراوەکە، لە (بەرپرسیار) گوتی، "ئەم کەیسە چەندین تاوان هەڵدەگرێت؛ رفاندن، لێدان، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پێدانی ماددەی هۆشبەر و دەستدرێژی."
لانە خالید جەختی لەوەکردەوە بەپێی یاسا، "ئەگەر کچەکە خۆیشی لەگەڵ ئەو کەسانە رۆیشتبێت، هەر تاوانە، چونکە منداڵە و تەمەنی خوار 18 ساڵە."

