رووداو دیجیتاڵ
کەمئاوی لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "ژیانی هاوچەرخ" لە سنووری قەزای خەبات، تەنگی بە دانیشتووانەکەی هەڵچنیوە و بەشێک لە خاوەن ماڵەکانی ناچار کردووە خانووەکانیان بۆ فرۆشتن دابنێن. یەکێک لە دانیشتووانی پڕۆژەکە دەڵێت، مانگانە 100 هەزار دینار تەنیا بۆ کڕینی ئاو خەرج دەکات.
راید حەمید، فەرمانبەر و یەکێک لە دانیشتووانی پڕۆژەکەیە. ئەو دەڵێت، بەهۆی بێ ئاوییەوە ناچار بووە ژن و منداڵەکانی بنێرێتەوە بۆ ماڵی خەزووری و پێی گوتوون، "بڕۆن کارەکانتان لەوێ تەواو بکەن، ئینجا بگەڕێنەوە ماڵ."
راید دەڵێت، "ئەو پارەیەی من مانگانە بە ئاو کڕینی دەدەم، ئامادەم بیدەم بە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە، تەنیا بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەن."
ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، دانیشتووانی پڕۆژەی ژیانی هاوچەرخ رووبەڕووی کەمئاوی دەبنەوە. پڕۆژەکە 583 ماڵی تێدایە و لە رێگەی دوو بیرەوە ئاو بۆ دانیشتووانەکەی دابین دەکرێت، بەڵام بەشیان ناکات.
عەلی شەمسەدین، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی پڕۆژەکەیە و دەڵێت، "ئێمە زۆربەی ماڵەکان کێشەی کەمئاویمان هەیە، ناچارین هەفتانە دووجار ئاو بکڕین."
هیمدا سیامەند، دانیشتوویەکی دیکەی پڕۆژەکەیە و باس لەوە دەکات ئەو ئاوەی بۆیان دابین دەکرێت، زۆر کەمە. ئەو دەڵێت، "هەموومان ئاو دەکڕین و کێشەی کەمیی ئاومان هەیە. رۆژانە دەڵێن کاژێر و نیوێک ئاوتان دەدەینێ، بەڵام 40 خولەکی هەر هەوایە."
مەهدی سورچی، موختاری پڕۆژەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دانیشتووانی پڕۆژەکە زۆربەیان کێشەی ئاویان هەیە و بەتەواوی ئاویان پێ ناگات. جاری وا هەیە کاژێر 12ـی نیوەڕۆ یان 1ـی شەو خەڵک تەلەفۆنم بۆ دەکەن و دەڵێن، ئێستا ئاومان کڕیوە."
بە گوتەی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، هۆکاری سەرەکیی کەمئاوی بۆ کەمیی کارەبا و هەروەها بەرز و نزمیی شوێنی پڕۆژەکە دەگەڕێتەوە.
کەمئاوی جگە لەوەی بەشێک لە دانیشتووانی ناچار کردووە خانووەکانیان بفرۆشن، زیانی بە دار و سەوزاییەکانی نێو پڕۆژەکەش گەیاندووە و بەهۆی تینوێتییەوە وشک بوونە.

.jpg&w=3840&q=75)