رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کە بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە هەردوو چاوی لەدەستداوە، دەڵێت سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە 13 ساڵ بەسەر رووداوەکەدا و تەواوکردنی تەواوی مامەڵە یاسایی و پزیشکییەکان، تاوەکو ئێستا خۆی و برا بریندارەکەی هیچ مووچە و قەرەبوویەکیان لەلایەن حکومەتەوە بۆ نەبڕدراوەتەوە.
محەممەد بایز (لەدایکبووی 1987)، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی "مارەدوو"ی بناری قەندیلە و لە بەرنامەی 'مژار'ی رادیۆی رووداو دا چیرۆکی خۆی گێڕایەوە. محەممەد ئاشکرای کرد کە لە مانگی 11ی ساڵی 2011دا، کاتێک وەک شوانێک سەرقاڵی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانی بووە، کەوتووەتە بەر بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لە ئەنجامدا هەردوو چاوی بە تەواوەتی لەدەستداوە و رێژەی کەمئەندامییەکەی %١٠٠یە (لە لیژنەی پزیشکی %٩٠ی بۆ دیاریکراوە)، هەروەها لە هەمان رووداودا، برایەکی محەممەد (لەدایکبووی ١٩٨٨) بەسەختی بریندار بووە و تووشی کەمئەندامی بووە، بە جۆرێک قاچێکی بڕدراوەتەوە. جگە لە لەدەستدانی نزیکەی 50 سەر ئاژەڵ و زیانی گەورەی ماددی.
دەڵێت: لە ساڵی 2013ـەوە لیژنەی پزیشکیمان بۆ کراوە و لە ساڵی 2015دا تەواوی مامەڵەکانمان رەوانەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ئەنجوومەنی وەزیران کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە و هیچ سەرچاوەیەکی بژێویمان نییە.
ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لەگەڵ دایک و باوکی دەژین و بەهۆی بارودۆخی جەستەییانەوە ناتوانن هیچ کارێک بکەن، تاوەکو ئێستاش نە قەرەبووی زیانە مادییەکانیان بۆ کراوەتەوە و نە دەرماڵەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییان بۆ بڕدراوەتەوە.
زەکیە حەمەساڵح، بریکاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، لەوبارەوە بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "ئێستا دابینکردنی مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی وەستاوە، پێشتریش ئاگاداری کەیسێکی لەو شێوەیە نەبوومە، بەدواداچوونی بۆ دەکەین و لایەنە پەیوەندارەکانی نێو وەزارەتی کاروکاوباری کۆمەڵایەتیم راسپاردوون، ئەگەر پێویست بکات بانگی وەزارەتی دەکەین، بزانین چۆن دەتوانین بەپێی دەسەڵاتەکانی خۆمان کارێکی بۆ بکەین".

.jpg&w=3840&q=75)

