رووداو دیجیتاڵ
لە ناحیەی شەمامکی سەر بە پارێزگای هەولێر، ئاگر لە کۆگایەکی تینەر کەوتەوە و بەشێکی زۆری کۆگاکە سووتا. بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، کۆگاکە مۆڵەتی فەرمی نەبووە.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رۆژی شەممە 1ـی ئابی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کاژێر 11:55 خولەک لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە لەسەر رێگەی مەخموور ئاگادارکراینەوە. دوای گەیشتنی شەش تیمی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ شوێنی رووداوەکە، لە 25 خولەکدا ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا."
لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەوە شاخەوان سەعید گوتی، "تاوەکو سەیری کامێراکانی چاودێری نەکەین، هۆکارەکەی بەدیاریکراوی باسناکەین، بەڵام گومان دەکرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کارلێکی کیمیایی ئەو مادانەوە روویدابێت کە لەنێو کۆگاکەن."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بە داخستنی 20 پاڵاوگەی قوشتەپە کرد کە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتەوە داخراوە و گوتی، "هەر کۆگا و پاڵاوگەیەک کە مۆڵەتی فەرمی نەبێت، نووسراوی یاسایی لەسەر تۆماردەکرێت و شوێنەکەی دادەخرێت."
شاخەوان سەعید گوتی، ئەو کۆگایەی کە سووتاوە پێشتر بەنزینخانەیەکی بێمۆڵەت بووە و لە رووداوێکی هاوشێوەدا ئاگری گرتووە و بەوهۆیەوە چەند کەسێک گیانی لەدەستداوە؛ گوتیشی، "بە نووسراوی یاسایی لەلایەن بنکەی ئازادیی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە بەنزینخانەکە داخرا. ئێستاش خاوەنی ئەم کۆگایە شوێنەکەی بەکارهێناوەتەوە."
سەبارەت بە خاوەنی کۆگاکە گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر گوتی، "داوامانکردووە رووبەڕووی رێکاری یاسایی بکرێتەوە، چونکە پابەندی رێنماییەکان نەبووە و بووەتەهۆی ماندووبوونی تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پیسکردنی ژینگە و مەترسی بۆسەر کۆگاکانی نزیکی."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 700 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەولێر تۆمارکراون کە 87 رووداویان سووتانی ئۆتۆمبێل بوون.
شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووداوەکاندا زیانی گیانی نەبووە.


