رووداو دیجیتاڵ
دواینیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە و تەقینەوەیەک لە ماڵێکی قەزای حاجیاوا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون. بەرگریی شارستانیی راپەڕینیش دەڵێت: "گومانەکان بۆ هۆکاری رووداوەکە زۆرن."
ئاگرەکە سەرەتا لە ماڵێکەوە دەستی پێکردووە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی هەبوونی تەقەمەنی و باڕووت لە "بەیتوونە"ی ماڵەکەدا، تەقینەوە روویداوە. بەهۆی نزیكیی شوێنی رووداوەکە لە دووکانێکی بەرگدووری ژنان هاوسێی ماڵەکە بووە، سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش برینداربوون.
حسێن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانییراپەڕین سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە رایگەیاند: "گومان دەکرێت هەڵچوونی غاز یان شۆرتی کارەبا بووبێت، گومانەکان زۆرن بەڵام لە هیچ کامیان سەد لە سەد دڵنیا نین." هەروەها دەنگۆی هێرشی درۆنی رەتکردەوە و گوتی: "هیچ پاشماوەیەکی درۆنمان لە شوێنەکەدا نەبینیوە."
ئالان سەرباز، یەکێک لە شایەتحاڵەکانی رووداوەکە بە رووداوی راگەیاند: "دەنگێکی بەهێز هات، دوو بۆ سێ کچ بوون شوشە بەر سەریان کەوتبوو، دوای دەنگە گەورەکە ئاگرەکە بەرزبووەوە و دواتر هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنەکە."
قوربانییەکان کێن؟
هەر سێ گیانلەدەستداوەکە لە رەگەزی مێینەن و ئەندامی یەک خێزانن، بریتین لە: قەدریە مەحموود، تەمەن 51 ساڵ. جیهان هەڤاڵ، تەمەن 5 ساڵ (نەوەی قەدریە مەحموود). کەنار سەرباز، تەمەن 12 ساڵ.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی بریندارەکان، پاش گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکانی راپەڕین و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، لە ئێستادا باری تەندروستییان جێگیرە.

