رووداو دیجیتاڵ
دوای هەوڵێکی هەشت کاژێریی بەردەوامی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئاگرە گەورەکەی سەر رێگەی "هەولێر - کەرکووک" کۆنتڕۆڵکرا، زیانی پێنج بۆ حەوت ملیۆن دۆلاری لێکەوتەوە.
کاژێر 08:34ـی بەیانیی ئەمڕۆ، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی رۆن و کەلوپەلی یەدەگی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک کەوتەوە. بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆری رۆنی ئۆتۆمبێل، دووکەڵێکی رەشی چڕ ئاسمانی ناوچەکەی تەنی و کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە کاتی زۆری خایاند.
عەقید تەها بەرزنجی، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 40 تیمی بەرگریی شارستانی لە چوار قۆڵەوە بەشداربوون لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە. هۆکاری زوو کۆنتڕۆڵنەکردنیشی بۆ گڕگرتنی رۆنەکان دەگەڕایەوە، چونکە بەردەوام بەرمیلەکان دەتەقینەوە و ئاگرەکە لە شوێنێکی دیکە سەری هەڵدەدایەوە."
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن ئاگرەکە سەرەتا لە پوش و پەڵاشی دەوروبەری کۆگاکەوە دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی بەهێزیی باوە، گڕەکە بۆ ناو کۆگاکە پەڕیوەتەوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئاماژەی بە نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لە کۆگاکەدا کرد و گوتی: "ئەم کۆگایە سیستەمی بەرگریی ئاگرکوژێنەوە و ئاوپڕژێنی ئۆتۆماتیکی تێدا نەبووە، ئەگەر ئەو سیستەمەی هەبووایە، زیانەکان بەم قەبارەیە نەدەبوون و زووتر کۆنتڕۆڵ دەکرا."
خاوەنی کۆگاکە رایگەیاندووە، تەنیا بەهای ئەو رۆنە ئۆتۆمبێلانەی سوتاون نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار بووە، جگە لە سووتانی شۆفڵ، حەفارە، چەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و پارچەی یەدەگ. بە گوتەی ئەو، کۆی زیانە داراییەکان لە نێوان 5 بۆ 7 ملیۆن دۆلاردایە.
خۆشبەختانە، دوای هەشت کاژێر لە کارکردنی تیمەکان، ئاگرەکە بەبێ زیانی گیانی کۆنتڕۆڵکرا و رێگری کرا لەوەی بپەڕێتەوە بۆ کارگەکانی دەوروبەری.

