رووداو دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە پێنج کاژێر ئاگرەکەی کۆگاکانی رۆن و پارچەی یەدەگی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی هەولێر - کەرکووک هێشتا کۆنترۆڵنەکراوە، بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت: "بەهۆی رەشەباوە نەمانتوانیوە کۆنتڕۆڵی بکەین".
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە شوێنی رووداوەکە لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند: "کاژێر 8:34 خولەکی بەیانی لە ئاگرەکە ئاگادارکراینەوە. بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکە زۆر تەشەنەی کردووە. ئێستا زیاتر لە 40 تیممان لە شوێنی رووداوەکەن و خەریکی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام رەشەبا و جۆری کەلوپەلەکان کارەکەنمانی سەخت کردووە."
گوتەبێژی بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەر ئەمڕۆ تیمەکانیان لە 10 شوێنی دیکەی هەولێر خەریکی کوژاندنەوەی ئاگری جیاواز بوون. گوتیشی: "ئەم کۆگایانە شوێنی کەلوپەلی گەورەی ئۆتۆمبێل و پارچەی یەدەگن."
فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە رایگەیاند، ئاگرەکە لە پشتەوەی کۆگاکانەوە دەستیپێکردووە و بە گوتەی خاوەنی کۆمپانیاکە، چوار پێشانگای ئۆتۆمبێلی گەورە و پێنج کۆگای پارچەی یەدەگ و رۆنی ئۆتۆمبێل (کۆی گشتی 9 کۆگا و پێشانگا) سووتاون.
بەهۆی بوونی رێژەیەکی زۆر لە تایە و مادەی سووتەمەنی، کوژاندنەوەی ئاگرەکە ئەستەم بووە و دووکەڵێکی چڕ ناوچەکەی گرتووەتەوە. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، سێ کەس بەهۆی چڕیی دووکەڵەکەوە تووشی تەنگەنەفەسی بوون.
بەهۆی مەترسیی ئاگرەکە و چڕیی دووکەڵ، رێگەی سەرەکیی هەولێر - کەرکووک بە تەواوی داخراوە. هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "بۆ سەلامەتیی گیانی شۆفێران، هاتووچۆمان لە هەردوو سایدی رێگەی هەولێر - کەرکووک راگرتووە. ئەفسەرانمان لەوێن و رێگەی کۆنی هەولێر - کەرکووک وەک رێگەی جێگرەوە بەکاردێت، هەرچەندە هەندێک کێشەی تێدایە و خەریکی چاککردنین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان لێیەوە بڕۆن."



.jpg&w=3840&q=75)
