رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری زنجیرە بەنزینخانەکانی کوردنەفت رایدەگەیێنێت، بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە نرخدا، قازانجی فرۆشتنی بەنزینیان کەمکردووەتەوە.
رۆژی 30ی تەممووزی 2026، بەهزاد عومەر، سەرپەرشتیاری زنجیرە بەنزینخانەکانی کوردنەفت لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، رایگەیاند: "وەک کۆمپانیای کوردنەفت بڕیارمانداوە قازانجی فرۆشتنی بەنزین کەمبکەینەوە بۆ ئەوەی رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان بکەین و هاوسەنگییەک لە بازاڕدا دروستبکەین."
ئەم بڕیارەی کوردنەفت لە کاتێکدایە نرخی بەنزین لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە؛ لە سلێمانی نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ گەیشتە 1200 دینار، لەکاتێکدا هەفتەی رابردوو بە 1150 دینار بوو. هەروەها موحەسەن بە 1550 دینار و سوپەر بە 1700 دینار دەفرۆشرێت، کە لیتری زیاتر لە 100 دیناریان چووەتە سەر.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری کوردنەفت، ئەوان ئێستا لە 13 بەنزینخانەکەیان لە هەرێمی کوردستان، نرخەکانیان بەم شێوەیە جێگیر کردووە، نۆرماڵ بە 1150 دینار، موحەسەن بە 1450 دینار و سووپەر بە 1500 دینار.
سەبارەت بە هۆکارەکانی گرانبوونی بەنزین، بەهزاد عومەر ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی ناوچەکە، ئەگەری داخستنی تەنگەی هورمز و دەستنەکەوتنی ماددە کیمیاییەکان بۆ پاڵاوگەکان، گوشاری زۆریان لەسەر نرخەکان دروستکردووە.
هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە و ئەم پێویستییە لە وەرزی هاویندا زیاتر بووە. ئێستا حکومەتی عێراق رۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، بەڵام سەرپەرشتیاری کوردنەفت دەڵێت: "بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان، پێویستە عێراق بڕەکە بۆ 126 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیاد بکات."
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەوڵیدا نرخەکان دابەزێنێت و لیتری نۆرماڵی بە 850 دینار دیاریکرد، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەنزین لە بەنزینخانەکاندا.

.jpg&w=3840&q=75)
