رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی هەولێر - کەرکووک کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵ نەکراوە. بەهۆی چڕیی دووکەڵ و مەترسیی ئاگرەکە، رێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر- کەرکووک بە تەواوی داخراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 30ـی تەممووزی 2026، مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند: "ئاگرەکە زۆر گەورەیە و بەهۆی چڕیی دووکەڵەکەوە، کارەکانی تیمەکانی بەرگری شارستانیی هەولێر بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت بووە."
پەیامنێری رووداو دەڵێ، کە ئاگرەکە زیانێکی مادیی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. ئێستا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە رێگری بکەن لەوەی ئاگرەکە بۆ کارگەکانی دەوروبەر نەگوازرێتەوە.
بەهۆی نزیکیی کۆگاکە لە شەقامی سەرەکی، ئاستەنگی زۆر بۆ هاتووچۆ دروستبووە. هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "بۆ سەلامەتیی گیانی شۆفێران هاتووچۆمان بە تەواوی لە رێگەی هەولێر - کەرکووک و کەرکووک - هەولێر راگرتووە."
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر گوتیشی، ئەفسەرانی هاتووچۆ لە شوێنی رووداوەکەن و خەریکی دۆزینەوەی رێگەی جێگرەوەن بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان ئاڕاستە بکەن. "رێگەی کۆنی هەولێر - کەرکووک هەیە کە هەندێک کێشەی تێدایە، هەوڵدەدەین کێشەکان چاکبکەین بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکان ئێستا لەوێوە بڕۆن."



.jpg&w=3840&q=75)
