رووداو دیجیتاڵ
بە گریان و ئامێزگرتنی ماڵئاوایی، 40 کەسی نابیست لە دهۆکەوە بەرەو مەککە بەڕێکران بۆ ئەنجامدانی فەریزەی عومرە. ئەمە یەکەمین جارە ئەو گرووپە پێکەوە گەشتێکی لەو شێوەیە دەکەن لەسەر ئەرکی پەرلەمانتارێکی ناوچەکە رێکخراوە.
هەلبین سوهەیب، کچی یەکێک لە عومرەکارەکانە و ناتوانێت فرمێسکەکانی بشارێتەوە، چونکە ئەمە یەکەمین جارە دایک و باوکی بە تەنیا جێی دەهێڵن. ئەو دەڵێت: "هیچ کاتێک ئێمەیان جێنەهێشتووە، بۆیە پێی رانەهاتووین. کاتێک منداڵ بووین دەر دەچوون درکمان پێ نەدەکرد، بەڵام ئێستا گەورە بووین، دوورکەوتنەوەیان زۆر پێمان ناخۆشە."
سوهەیب محەممەد، باوکی هەلبینە و یەکێکە لە عومرەکارەکان، گەشتەکەی بە "خەونێکی مێژوویی" ناودەبات و دەڵێت: "ئەمە یەکەمین جارە دەچمە عومرە، هەمیشە خەونم پێوە دەبینی. هەرچەندە دوورکەوتنەوە لە خێزانەکەم قورسە، بەڵام دڵخۆشم دەچمە ماڵی خودا."
زۆربەی ئەو عومرەکارانە بۆ یەکەمین جارە ئەو گەشتە دەکەن و بە زمانی ئاماژە کەیف خۆشیی خۆیان دەردەبڕن. مەروان عزەدین، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانە و دەڵێت: "سوپاسی خودا دەکەم مەرامم هاتە دی و دەچمە ماڵی خودا، هەستێکی زۆر خۆشم هەیە."
ئەم گرووپە 40 کەسن، ئەندامی لقی دهۆکی کۆمەڵەی کەڕوڵاڵانن. عەلی خورشید، عومرەکارێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات وەکو گرووپێکی 40 کەسی پێکەوە ئەو گەشتە دەکەن.
گەشتەکە لەسەر ئەرک و تێچووی پەرلەمانتار بناس دۆسکی رێکخراوە. یوسف دۆسکی، بریکاری ئەو پەرلەمانتارە بە رووداوی راگەیاند: "پێشتریش چەندین کەس بۆ حەج و عومرە نێردراون، ئەمجارەش 40 عومرەکار سەرجەمیان نابیستن، تەواوی تێچووەکەیان لەلایەن بناس دۆسکییەوە دابینکراوە."
لە سنووری پارێزگای دهۆک دوو هەزار و 316 کەسی نابیست هەن. بڕیارە ئەم گرووپە دوای تەواوکردنی فەریزەی عومرە، لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.

