رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی قەرەبوو لە قەزای کەسنەزان نیگەرانن لە کۆنەکردنەوەی زبڵ و خاشاکی گەڕەکەکەیان و دەڵێن، "نزیکەی سێ هەفتەیە تیمەکانی شارەوانی نەهاتوون"، کۆمپانیای خزمەتگوزارییش هۆکارەکەی بۆ "گۆڕینی شۆفێرەکان" دەگەڕێنێتەوە.
گەڕەکی قەرەبوو لە قەزای کەسنەزان نزیکەی 2000 ماڵی لێ نیشتەجێیە، ئێستا سیمای کۆڵانەکانی بەهۆی کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاکەوە گۆڕاوە. محەممەد سەلمان، کاسبکارێکی گەڕەکەکەیە، بە رووداوی راگەیاند: "سێ هەفتە دەبێت تیمەکانی شارەوانی نەهاتوون، لەبەردەم هەر دەرگایەک جگە لەوەی تەنەکەی زبڵ پڕ بووە، کۆمەڵێک نایلۆنی رەشی زبڵیش داندراون."
بەهۆی مانەوەی زبڵەکان بۆ ماوەیەکی درێژ، بۆنێکی ناخۆش لەناو کۆڵانەکان بڵاوبووەتەوە. خەدیجە، ژنی ماڵەوەیە، دەڵێت: "لەبەر ئەو بۆنەی بڵاوبووەتەوە، ناوێرین بێینە بەردەرگا." خەندە لوقمانیش، ئەویش نیشتەجێی هەمان گەڕەکە، نیگەرانیی خۆی نیشان دەدات و دەڵێت: "هەر زۆر خراپە، لەبەر منداڵەکان پێی ناڕەحەتین، تەنەکەکان پڕ بوون و ئاوی پیسیان لێ دەچۆڕێت."
هەندێک لە خێزانەکان پەیوەندییان بە شارەوانیی ناوچەکەوە کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە. حەمدیە حسێن، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "کوڕەکەم تەلەفۆنی بۆ شارەوانی کرد بۆچی نایەن، بەڕاستی لەبەر بۆنی ناخۆش حاڵ و گوزەرانمان نەماوە."
کۆمپانیای خزمەتگوزاریی شارەوانیی کەسنەزان دەڵێن کێشەکە تەنیا لە چەند کۆڵانێک بووە و چارەسەر دەکرێت. شێرزاد حاجی، بەڕێوەبەری چاودێری لە کۆمپانیای خزمەتگوزاری بە رووداوی راگەیاند: "هەفتەی رابردوو دوو شۆفێرمان گۆڕی و ئەوان شارەزای ئەو دوو کۆڵانە نەبوون؛ هەموو گەڕەکەکە کێشەی نەبووە و تەنیا ئەو دوو سێ کۆڵانە بووە، ئێستاش تیمەکانمان دەچن بۆ ئەوەی زبڵەکان کۆبکەنەوە."

