رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەرەسی بەفری پڕژە و هەرەسی بەفر، حەوزی ئاوی چۆمان و ژمارەیەک بۆریی ئاوی پڕۆژەکە ژێر بەفر کەوتوون و شکاون، بەهۆیەوە چۆمان بێ ئاو بووە و تیمەکان سەرقاڵی چاککردن و گێرانەوەی ئاون بۆ چۆمان.
سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی چۆمان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە نێوان هەردوو لووتکە شاخەکانی حەسار و قەرەد بەفر هەرەسی هێناوە و رەنووی بەفر لە حەوزی ئاو بۆرییەکانی داوە و چۆمانی بێ ئاو کردووە".
بەرێوەبەری ئاوی چۆمان راشیگەیاند: "تیمەکانیان سەرقاڵی چاککردنەوەی حەوز و بەستانەوەی بۆرین بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئاو بە دانیشتووانی چۆمان بگەیێنینەوە".
پڕژە لە هەر چوار وەرزی ساڵ بەفری لێیە، سەرچاوەی کانیاوێکی گەورەشە بە ناوی پڕژە، ئاوی چۆمان لەم کانیاوە و سێ کیلۆمەتر بە نێو بەفردا هەڵبەستراوە.
پڕۆژەکە ساڵی 2005 لە لایەن رێکخراوێکی ئەمریکی کراوە و 24 کاژێر و بێ تەزووی کارەبا ئاو بە چۆمان دەگەیەنێت.

.jpg&w=3840&q=75)

