رووداو دیجیتاڵ
ئاسانکاری دەکرێت بۆ گواستنەوەی پسولەی خۆراک بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە بریکارێک بۆ بریکارێکی دیکە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەو ئەپڵیکەیشنە رۆتینی فەرمی کەم دەکاتەوە و ئاسانکارییەکی باش بۆ هاونیشتیمانییان دەکات."
رۆژی سێشەممە، 14ی تەمموزی 2026، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی گوت: لە ئێستاوە، هاووڵاتییان لە کاتی ماڵ گواستنەوە لە گەرەکێک بۆ گەرەکێکی دیکە، دەتوانن لە رێگەی ئەپی مۆبایلەکە داواکاریی گواستنەوەی پسوولەی خۆراکیان لە بریکارێک بۆ بریکارێکی دیکە پێشکێش بکەن، بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پسوولەی خۆراک بکەن.
بەشی نوێی ئەپی (پسوولەی خۆراک) تەنیا گواستنەوەی پسوولە لە نێوان بریکارەکان لە ناو هەمان شاردا دەگرێتەوە و ئەو ماڵباتانە ناگرێتەوە کە دەیانەوێت پسوولەی خۆراکیان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بگوازنەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەو گەنجانەی هاوسەرگیری دەکەن، دەتوانن لە رێگەی ئەم بەشە نوێیەی ئەپەکە، "سەرەتا ناوی بووکەکە بگوازنەوە سەر خانەوادەی زاوا، پاشان داوای پسوولەی تایبەت بە خۆیان پێشکێش بکەن."
لەبارەی گواستنەوەی پسوولەی خۆراک لە شارێک بۆ شارێکی دیکە، نەوزاد شێخ کامیل رایگەیاند: "پێویستە هاووڵاتی سەرەتا لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەو شارەی تێیدا دەژیت داواکاری پێشکێش بکات. دواتر، لە شارە نوێیەکە پرۆسەکەی بۆ تەواو دەکرێت و دەتوانێت لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە بریکاری خۆراکی گونجاو لە گەڕەکی نیشتەجێبوونی خۆی هەڵبژێرێت. تێچووی هەر گواستنەوەیەکیش تەنیا 6 هەزار و 500 دینارە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6 هەزار بریکاری دابەشکردنی خۆراک و زیاتر لە 3 هەزار بریکاری دابەشکردنی ئارد هەن.



