رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکاری لە سیستمی دەوامی پۆلیس لە سنووری قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش ناڕەزایەتی بەشێک لە کارمەندانی لێکەوتووەتەوە؛ پۆلیسەکان دەڵێن بەڕێوەبەرایەتییەکە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی بۆ سیستمی 'سێ پۆستی' جێبەجێ نەکردووە، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاکرێش دەڵێت، "پۆلیسمان کەمە و ناچارین."
بەشێک لە پۆلیسەکانی سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش گلەیی ئەوە دەکەن کە سیستمی دەوامەکەیان لە سێ پۆستییەوە (24 کاژێر دەوام و 48 کاژێر پشوو) گۆڕدراوە. پۆلیسێکی ناڕازی لە قەزای بەردەڕەش، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "وەزیری ناوخۆ بڕیاری دابوو دەوام بکرێتە سێ پۆست، بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاکرێ بەبێ بڕیاری وەزارەت و بە ویستی خۆی دەوامەکەی کردووەتەوە بە دوو پۆست."
ئەو پۆلیسە ئاماژە بەوەش دەکات، پێش هەڵبژاردنەکان بۆ ماوەیەک دەوامەکە کرایە سێ پۆست، بەڵام دواتر گۆڕدرا بۆ "7 رۆژ دەوام و حەوت رۆژ پشوو،" ئەمەش لە کاتێکدایە کە پۆلیسەکان بەهۆی سەختیی بژێوی و بێمووچەییەوە، توانای ئەو دەوامە زۆرەیان نییە.
لە بەرامبەر ئەو گلەییانەدا، عەمید قاسم زێباری، بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاکرێ بۆ رادیۆی رووداو جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکە تەنیا لایەنی کارگێڕییە و پەیوەندی بە کەمیی ژمارەی پۆلیسەوە هەیە.
عەمید قاسم زێباری گوتی، "نووسراوی وەزارەت لەسەر سەرم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە پۆلیس نییە. لە دهۆک، زاخۆ و هەولێر پۆلیس زۆرە، بەڵام لای ئێمە ژمارەیەکی زۆری پۆلیس خانەنشین بوون و کەسی نوێ لە شوێنیان دانەمەزراوە، بۆیە ناتوانین وەک ئەو شوێنانە دەوامەکە رێکبخەین."
بەڕێوەبەری پۆلیسی ئاکرێ روونیکردەوە کە بەهۆی ئەو بۆشاییەی لە میلاکدا دروستبووە، ئێستا هەندێک لە پۆلیسەکان ناچارن 10 رۆژ دەوام بکەن و 20 رۆژ پشوو بن، یان بە سیستمێکی دیکە دەوام بکەن. گوتیشی: "ئەگەر پۆلیسمان بۆ دابین بکەن، ئێمەش وەک هەموو شوێنەکانی دیکە دەوامەکە دەکەینە حەوت بە حەوت یان سێ پۆستی."



