رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی هەبوونی مین و تەقەمەنی لە ناوچەکە، تیمەکانی پۆلیسی دارستان ناتوانن ئاگرێکی گەورە لە سنووری شارباژێڕ کۆنترۆڵ بکەن؛ لە سنووری قەرەداخیش ئاگرێک بە درێژایی سێ کیلۆمەتر کەوتەوە و دوای چەند کاژێرێک لە کارکردن توانرا بە تەواوەتی بکوژێندرێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دوێنێ دوانیوەڕۆوە ئاگرێکی فراوان لە سنووری گوندی ژاژڵەی شارباژێڕ کەوتووەتەوە. هەرچەندە تیمەکانی پۆلیسی دارستانی ماوەت دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی فراوانیی رووبەری ئاگرەکە و هەبوونی 'مەترسیی مین' لەو ناوچەیە، تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بە تەواوەتی کۆنترۆڵ بکرێت."
پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی داوا لە دانیشتووانی گوندەکانی دەوروبەری ژاژڵە دەکات هاوکاری تیمەکانیان بن بۆ ئەوەی رێگری لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاگرەکە بگرن و زیانە ژینگەییەکان کەم بکەنەوە.
لە لایەکی دیکەوە، شەوی رابردوو ئاگرێکی دیکە لە سنووری سەنگاوەوە بەرەو گوندەکانی (خاوێ و مێوڵی) لە سنووری قەرەداخ پەڕیوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیسی دارستان، درێژایی ئاگرەکە نزیکەی سێ کیلۆمەتر بووە.
گوتەبێژی پۆلیسی دارستان گوتی: "تیمەکانی پۆلیسی دارستانی قەرەداخ بە هاوکاری بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە، توانیویانە ئاگرەکە بە رێژەی 100% کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام بەهۆی سەختیی ناوچە شاخاوییەکان، تیمەکان تووشی ماندووبوونێکی زۆر بوون."
ئێستا لە سنووری قەرەداخ تیمەکان خەریکی ساردکردنەوەی شوێنی ئاگرەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی جارێکی دیکە سەر هەڵناداتەوە، بەڵام لە شارباژێڕ هێشتا مەترسییەکە بەردەوامە و تیمەکان بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە دەکەن.

