رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانێکی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، کۆتایی بە کارکردنی 195 فەرمانبەری گرێبەست لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هێنرا؛ گوتەبێژی شارەوانییەکەش دەڵێت، بەهۆی ئەوەی تەمەنیان لە 60 ساڵ زیاترە و خزمەتیان کەمە، "مووچەی خانەنشینی نایانگرێتەوە."
ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەمووزی 2026، ئەنجوومەن حەسەن، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارەکە پاڵپشت بە نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرکراوە، کە تێیدا هاتووە ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 60 ساڵ، دەبێت کۆتایی بە راژەکانیان بهێندرێت."
سەبارەت بە چارەنووسی ئەو فەرمانبەرانە و ئەگەری وەرگرتنی مووچەی مانگانە، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی ئەو فەرمانبەرانە خزمەتەکەیان لە 15 ساڵ کەمترە، بۆیە بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق، مافی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییان نییە.
ئەو فەرمانبەرانەی کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، زۆربەیان لە کەرتە هەرە گرنگەکانی شارەوانیدا کاردەکەن. ئەنجوومەن حەسەن گوتی: "ئەو کارمەندانە لە بەشەکانی چاکسازیی شەقامەکان، خاوێنکردنەوە، پاراستنی رووبەری سەوزایی و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخان و رێگەوبان بوون."
گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی نیگەرانیی خۆی لە کاریگەرییەکانی ئەو بڕیارە نیشاندا و هۆشداری دا، کە بەهۆی نەمانی ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەر، "کێشەی زۆر بۆ ئیشوکارەکانی شارەوانی و بەڕێوەچوونی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دروست دەبێت."
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام داوای دامەزراندنی کارمەندی نوێ یان نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە مرۆییەی لە کەرتی خزمەتگوزاریدا هەیە.

