رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما دادەبەزێت. کەشناسێکش دەڵێت، چلەی هاوین دەستپێدەکات و هەفتەی داهاتوو لە چەند ناوچەیەک پلەی گەرما دەگاتە 50 پلەی سیلیزی.
کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی دادەبەزێت".
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەگوێرەی رۆژەکانی هاوین، کە ئەمساڵ 21ـی شەش دەستیپێکرد و مانگەکانی حەوت و هەشت 31 رۆژن، یەکەم رۆژی چلەی هاوین 16ـی تەمموز دەستپێدەکات و 24ـی مانگی هەشت کۆتایی دێت".
ئەو شارەزایەی کەشوهەوا پێشبینی دەکات، نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو پلەی گەرما چەند پلەیەک بەرزدەبێتەوە و لە هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە 45 بۆ 46 پلەی سیلیزی بێت، لە کەرکووک و گەرمیان زۆرینە دەگاتە 49 پلە و لە بەشێکی ناوچەکانیان دەگاتە 50 پلەی سیلیزی، لە دهۆکیش دەگاتە 44 پلەی سیلیزی.
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرما "کەمێک" نزم دەبێتەوە و بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر: 42 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 41 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 43 پلەی سیلیزی
دهۆک: 40 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 42 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 41 پلەی سیلیزی
پیرمام: 37 پلەی سیلیزی
ئاکرێ:41 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 45 پلەی سیلیزی
سۆران: 40 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 33 پلەی سیلیزی

