رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 800 پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەر بەهۆی دواکەوتنی مامەڵەکانیانەوە تاوەکو مانگی نیسان دوو مووچەیان لای حکومەت مابوو، بەرپرسێکی کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکان دەڵێ، بەشێکیان وەریانگرتووەتەوە و ئەوانەی ماون سبەی بەشێکی دیکەیان شایستەکانیان لەگەڵ مووچەی مانگی شەشدا وەردەگرن.
نەسرەدین حەمەدئەمین، جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی مووچەیان مابوو بەشێکیان وەریانگرتەوە، بەڵام هێشتا بەشێکیان ماون و سبەی لەگەڵ وەرگرتنی مووچەی مانگی شەشدا بەشێکی دیکەیان زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن".
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، سبەی دابەشكردنی مووچەی مانگی شەش لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و یەکێک لەوانەی مووچە وەردەگرن خانەنشینانەی پێشمەرگە و کەمئەندامانی سەنگەرن.
جێگری سکرتێری کۆمەڵەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر گوتی: "سبەی کە مووچەی مانگی شەش دەدرێ هەموو ئەو خانەنشینانەمان کە مووچەیان ماوە ناتوانن مووچە کۆنەکان وەربگرن و بەشێکیان دەمێننەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لەگەڵ مووچەی مانگی حەوتدا ئەوانیش شایستەکانیان وەردەگرن و هیچ مووچەیەکیان نامێنێت وەریان نەگرتبێت".
مووچەی خانەنشینانی کەمئەندامانی سەنگەر بەگوێرەی پلەی خانەنشینییەکەیانە، بەگوێرەی کۆمەڵەکەیان بۆ رووداو، کەمترین مووچەیان 800 هەزار دینارە و زۆرترین مووچە ئەو کەسانەن بە پلەی لیوا خانەنشین کراون و لەگەڵ دەرماڵەدا مانگانە 4 ملیۆن و 300 هەزار دینارە؛ ژمارەیەکی کەمیان بە پلەی فەریق خانەنشین کراون و مووچەیان زیاترە لە شەش ملیۆن دینار.
هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی مووچەی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر ئەوەیە، نزیکەی 9 هەزار کەس بوون لە یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە، دۆسیەکانیان خرایە سەر وەزارەتی دارایی و مامەڵەی بەشێکیان دواکەوت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، 12ی ئادار لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "وەک بەرچاو روونییەک بۆ هەموو لایەک، زیادکردنی ناوی فەرمانبەر یان خانەنشین یان هەر مووچەخۆرێک لە لیستی مووچەی مانگانە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێم[ـی کوردستان]ـەوە نییە، بەڵکو ئەو رێکارە پەیوەستە بە وەزارەت و یەکە ژمێریاریەکانی دەرەوەی وەزارەتی دارایی."
وەزارەتی دارایی دوو خاڵی وەک "روونکردنەوە" دانابوو کە ئەمانە بوون:
1- ئەو خانەنشینانە کە ناویان لە لیستی مووچەی مانگی شوبات نییە، ژمارەیان لە 801 کەسە و کەمئەندامی سەنگەرن کە پێشتر لەسەر هێزەکانی 70 مووچەیان بۆ خەرج کراوە، لە چوارچێوەی بڕیاری گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی، بەهۆی تەواو نەبوون و پەسەندنەکردنی دۆسییەکانیان نەتوانراوە لە مانگی شوباتدا بخرێنەوە نێو لیستی مووچە، کاتێک لیستی مووچە و دۆسیەکانیان گەیشتووەتە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگە لە وەزارەتی دارایی، لیستی مووچەی مانگی شوبات لەبەغدا بووە.
2- لەکاتی وردبینی لە دۆسیەی ئەو خانەنشینانە دەرکەوتووە بەشێکی زۆریان (upn)یان نەبووە و بەشێکیشیان وارسن و مامەڵەی وارسیان بۆ نەکرابوو، دوای ئەنجامدانی وردبینی لەلایەن لیژنەیەکی تایبەتەوە 750 خانەنشینیان دۆسیەکانیان پەسەند کراوە و لە لیستی مووچەی مانگی ئادار لە سیستمی پەیڕۆڵ داخڵ کراونەتەوە و مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە، هەر مووچەخۆرێکیش (upn)ی نەبێت ناتوانرێت داخڵی سیستمی پەیڕۆڵ بکرێت کە لە ئێستادا لیستی مووچە بەو سیستەمە ئامادە دەکرێت.
وەزارەتی دارایی لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا رایگەیاندبوو "شایستەی مووچەی سەرجەم ئەو خانەنشینانەی کە لە چەند مانگی رابردوو مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دڵنیایی داوە کە ئەو مووچانە وەک شایستەیەک دەمێنێتەوە تاوەکو کاتی پەسەندکردنی بودجە و دواتر هەمووی بەسەریەکەوە خەرج دەکرێتەوە."


