رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین گەنجێک بە ناوی دیاری خالید، توانی لە قوتابخانەی ئامادەیی بیتوێنی تێکەڵاو، بە کۆنمرەی 676 پلەی یەکەم لەسەر ئاستی دەڤەری راپەڕین و پلەی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەشی وێژەیی بەدەستبێنێت.
دیاری، کە لە دۆخێکی دارایی سەختدا و بە تەنیا لەگەڵ دایکی دەژی، بەسەر هەموو ئاستەنگەکاندا زاڵ بوو و ئەو نمرە بەرزەی بەدەستهێنا.
دیاری خالید، سوپاسی دایکی، مامۆستایان و کەسوکاری کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی بەدەستیهێناوە. ئەو کە لەگەڵ دایکیدا بە تەنیا دەژی، ئاماژەی بەوە کرد دۆخی داراییان ئاستەنگ بووە، بەڵام کۆڵنەدانی وایکردووە بەسەر ئەم ئاستەنگەدا زاڵ بێت.
دیاری گوتی: "راستە دۆخی داراییمان زۆر باش نییە، بەڵام لە سایەی خزم و دۆستان و هاوکاریی مامۆستایانم توانیم ئەم نمرە بەرزە بەدەستبێنم. هەرچەندە هەموو خوێندکارێک ترسێکی هەیە و ترسی داراییش یەکێکە لەوانە، بەڵام بە پشتیوانیی خوای گەورە ئەم ئاستەنگەشم تێپەڕاند."
سەبارەت بە داهاتووی خوێندنی، دیاری خالید گوتی، "حەزم دەکرد لە دەرەوەی وڵات بخوێنم، بەڵام بەهۆی توانای داراییەوە ئەگەر دەرفەتیشم بۆ بڕەخسێت ناتوانم بچم. بنەماڵەکەم پێیانخۆشە بچمە کۆلێژی یاسا."
دیاری هاوکات باسی قوربانیدانی دایکی کرد و گوتی، "خوای گەورە دایکێکی ئەوەندە بەسۆز و بەڕەحمی پێداوم، ژینگەیەکی بۆ رەخساندم کە لە وەسف نایەت. کاری پێ نەدەکردم و بۆ هیچ شوێنێک نەیدەناردم. هەرچەندە باوکم کۆچی دواییکردووە، بەڵام دایکم هەم جێی باوک و هەم جێی دایکی بۆ گرتوومەتەوە و ئەوەی لە توانایدا بووبێت بۆی کردووم، تەنانەت بەو دۆخەوە مامۆستای تایبەتیشی بۆ دابینکردووم."
لەبارەی ئەو سکۆلەرشیپەی دەزگای روانگە پێشکەشی کرد، دیاری بە خۆشحاڵییەوە گوتی، "هەواڵەکە لەناکاو بوو، زۆرم پێخۆش بوو. من پێموابوو ناتوانم لە دەرەوە بخوێنم، بەڵام سوپاسی دەزگای روانگە و بەڕێزان ئیدریس نێچیرڤان بارزانی و شێرزاد محەممەد دەکەم، کە ئەم دەرفەتەیان بۆ رەخساندم. بە پشتیوانیی خوای گەورە لە ئاست چاوەڕوانیی ئەواندا دەبم و دەبمە کەسێکی دڵسۆز بۆ کۆمەڵگەکەم."
مامۆستا ئەحمەد رەسووڵ، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی بیتوێن، دیاری خالیدی بە خوێندکارێکی "زۆر بەهرەمەند و بەڕەوشت" وەسفکرد و رایگەیاند، "دیاری هەر لە پۆلی 10ـی وێژەییەوە کە هاتە لای ئێمە، خوێندکارێکی نموونەیی بوو. بە هەوڵ و هیمەتی خۆی و مامۆستاکانمان توانی ئەو نمرە بەرزە بەدەستبێنێت."
بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئامادەیی بیتوێن ئاماژەی بەوەشکرد، چاوەڕوانیی زیاتریان لە دیاری هەبووە و گوتی، "ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان لێدەکرد یەکەمی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام کۆمەڵێک پرسیار، بەتایبەتی لە بابەتی زمانی عەرەبیدا، وایکرد کە نەتوانێت پلەی یەکەم بەدەستبێنێت و بووە دووەمی هەرێمی کوردستان."
مامۆستا ئەحمەد، باسی لەوە کرد کە وەک کارگێڕیی قوتابخانە هەمیشە پاڵپشتی دیاری بوون و گوتی، "ئێمە دەمانزانی کە باوکی نەماوە. بەپێی توانای مادیی خۆمان و قوتابخانە، هەوڵمانداوە هاوکاریی بکەین، بەڵام لە ئاستی پێویستیی کاک دیاریدا نەبووە. پێمگوتووە تۆ وای دابنێ باوکی خۆت لێرەیە. پێموایە ئەگەر لایەنی دارایی باش بێت، کەسێکی لێدەردەچێت کە سوودی بۆ کۆمەڵگە و گەلی کورد دەبێت."
مامۆستا ئەحمەد گلەیی لە وەزارەتی پەروەردە کرد و گوتی، "ئامادەیی بیتوێن مێژوویەکی درێژی لە سەرکەوتن هەیە. لە 2012 و 2016 یەکەمی هەرێممان هەبووە و ئەمەش سێیەم جارە، بەڵام وەزارەت زۆر کەمتەرخەمە بەرامبەر بە دەڤەرەکە و تاوەکو ئێستا تەلەفۆنێکیشیان بۆ نەکردووین."
هەروەها ئاماژەی بە کەموکوڕییەکانی قوتابخانەکەی کرد وەک نەبوونی هۆڵ، تاقیگە و داتاشۆ، کە بە هەوڵی مامۆستایان و خەڵکی خێرخواز بەشێک لە کێشەکان چارەسەر کراون.
شێرزاد محەممەد، بەرپرسی ناوەندی سکۆلەرشیپ لە دەزگای روانگە، لە بەرنامەکەدا پیرۆزبایی لە دیاری خالید کرد و رایگەیاند، "بە ناوی دەزگای روانگەوە پیرۆزبایی لە کاک دیاری دەکەین و هیوادارین نموونەی زۆر بێت."
شێرزاد محەممەد مژدەیەکی دڵخۆشکەری بە دیاری دا و گوتی، "مژدەی ئەوەی پێدەدەین کە لەسەر ئەرکی بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، دامەزرێنەری دەزگای روانگە، ناوەندی بەڕێوەبردنی سکۆلەرشیپ کۆی تێچووەکانی خوێندنی لە قۆناخی داهاتوودا دەگرێتە ئەستۆ."
شێرزاد محەممەد، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کارەیان بەشێکە لە ستراتیژی دەزگاکەیان و گوتی، "ئەو قوتابییانەی زیرەک و بەتوانان و ئاستێکی بەرزی زانستییان هەیە، بەڵام توانای درێژەدان بە خوێندنیان نییە، ئێمە لێرەوە لەسەر ئەرکی بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی ساڵانە دەتوانین دەستی چەندین خوێندکار بگرین و خزمەتیان بکەین."
بەرپرسی ناوەندی سکۆلەرشیپ لە دەزگای روانگە داوای لە دیاری خالید کرد لە نزیکترین کاتدا سەردانی ناوەندەکەیان بکات بۆ ئەوەی ناوی تۆمار بکرێت و بزانرێت چ پێویستییەکی هەیە. ئەو هەروەها هانی خوێندکارانی دیکەشی دا کە هەوڵبدەن نمرەی بەرز بەدەستبێنن تاوەکو بتوانن لەو دەرفەتانە سوودمەند بن.


