رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایدەگەیێنێت، بۆریی ئاوی ئیفراز سێ چاککراوەتەوە و دەست بە ناردنی ئاو بۆ گەڕەکەکان کراوە. ئاماژە بەوەش دەکات، بەهۆی دووریی مەودای هێڵەکانەوە، کاتێکی دەوێت تاوەکو ئاو دەگاتە هەموو ماڵەکان.
شوان حەمەڕەئوف، جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "کێشەی بۆریی ئیفراز سێ بە تەواوی چارەسەر کراوە و ئاو بۆ هاوبەشانی هەولێر بەڕێکراوە. ئەگەر ئێستا شوێنێک مابێت ئاوی پێ نەگەیشتبێت، پەیوەندی بە نۆرەی ئاوەکەوە هەیە یان هێشتا نۆرەیان نەهاتووە."
بۆچی ئاو درەنگ دەگاتە هەندێک گەڕەک؟
جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر هۆکاری درەنگ گەیشتنی ئاو بۆ هەندێک ناوچە رووندەکاتەوە و دەڵێت، "کاتێک بۆرییەکە دەشکێت و دواتر چاک دەکرێتەوە، پڕبوونەوەی تۆڕەکان و دروستبوونی پەستان لەناو بۆرییەکاندا کاتی دەوێت، بەتایبەت بۆ ئەو شوێنانەی کە زیاتر لە 60 کیلۆمەتر لە وێستگەکەوە دوورن، بەڵام بۆ گەڕەکە نزیکەکان کێشەکە نەماوە."
سەبارەت بە دۆخی ئاوی قەزای عەنکاوە، شوان حەمەڕەئوف رایگەیاند، بڕیاردراوە گۆڕانکاری لە سیستمی دابەشکردنی ئاوی ئەو قەزایەدا بکرێت. جێگری بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "لە هەفتەی داهاتووەوە دابەشکردنی ئاو لە عەنکاوە دەکرێتە نۆرە و سیستمەکە دەبێتە (رۆژ نا رۆژ). ئەمە وەک چارەسەرێکی کاتی دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی کارەکانی سکادا - SCADA) بە تەواوی کۆتاییان دێت و سیستمەکە جێگیر دەبێت."
سکادا، سیستمێکی دیجیتاڵییە و کۆنترۆڵی کارپێکردنی قوفڵ و ترومپاکانی ئاو دەکات لەگەڵ دیاریکردنی بڕی گوشاری پەستانی ئاو کە ئەوەش وا دەکات کارئاسانیی زۆر لە دابەشکردنی ئاو هەبێت.



