رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی زۆری برنجی کوردیی پار لە ماڵ و کۆگاکانی جووتیاراندا ماوەتەوە و ساخ نەبووەتەوە؛ هاوکات هەندێک کەس برنجی بیانی دەخەنە نێو کیسەی برنجی کوردی و بە ناوی خۆماڵییەوە دەیفرۆشنەوە. بەرپرسێک لە ئاکرێ جەخت دەکاتەوە کە چەندین شوێن بەهۆی ئەو کارەوە سزا دراون.
ئەمیر کەریم، جووتیارێکی سنووری بەردەڕەشە و پار زەوییەکی بە 12 ملیۆن دینار بۆ مەرەزە بەکرێ گرتووە، بەڵام ئێستا زیاتر لە نیوەی بەرهەمەکەی ساخ نەبووەتەوە و نرخەکەشی لە بازاڕدا بەشی خەرجییەکانی ناکات. ئەو جووتیارە دەڵێت: "ئەمساڵ برنجم نەچاندووە، گوتم پێویست ناکات بیهێنم و لە ماڵەوە دایبنێم."
نرخی هەر کیلۆیەک برنجی کوردی، 500 بۆ 750 دینار دابەزیوە. کیلۆیەک برنجی شەش مانگە ئێستا بە 3,250 دینارە، برنجی میسری و تەحالفیش بە 1,750 دینارە.
سەیفوڵڵا رەمەزان، بازرگانێکە لە ئاکرێ و باس لەوە دەکات، برنجی بیانی بازاڕی برنجی کوردیی لاواز کردووە و دەڵێت: "پێشتر هەندێک کەس برنجی بیانییان بە فێڵ تێکەڵی برنجی کوردی دەکرد، بەڵام ئێستا راستەوخۆ برنجی بیانی دەکەنە نێو کیسەی برنجی کوردی و دەیفرۆشن."
شەهاب ئاکرەیی، بەرپرسی هۆبەی چاودێریی بازرگانیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەردەوام بەدواداچوون دەکەین و چەندین شوێن سزا دراون. "جیاکردنەوەی برنجەکان زۆر ئەستەمە، چونکە جۆرەکان زۆر لە یەکدی دەچن."
ئاکرەیی دەڵێت، ئەو برنجەی لە کازاخستان، رووسیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، لە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە داخڵ دەکرێت. "ئەو زانیارییانە لەلایەن چاودێریی بازرگانیی سلێمانییەوە پشتڕاست کراونەتەوە و پێشتریش زیاتر لە 2 تۆن برنجی ساختە بە ناوی برنجی ئاکرێ لەنێوبراوە."
بە گوتەی شەهاب ئاکرەیی، چوار عەلوە دەستنیشان کراون کە ئەو کارەیان کردووە و یەکێکیان سزای ماددیی دراوە و حەوت رۆژیش داخراوە. هەروەها بەڵێننامەی لێ وەرگیراوە کە لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی، مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە.


