رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانییانی ناحیەی عەربەتی سەر بە پارێزگای سلێمانی، نیگەرانیی خۆیان لە بڕیاری گواستنەوەی کارگە و پاڵاوگەکانی سنووری تانجەرۆ بۆ ناوچەکەیان دەردەبڕن. دانیشتووانی ناوچەکە داوا دەکەن لە گواستنەوەی ئەو کارگە و پاڵاوگانە بۆ سنوورەکەیان رەچاوی پاراستنی ژینگەی سنوورەکەیان بکرێت و رێگە نەدرێت بەهۆی ئەم کارگانەوە ژینگەی عەربەت تووشی پیسبوون ببێت.
فازڵ عومەر، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پرسی گواستنەوەی ئەو کارگانە بەگوێرەی مەرج و پێوەرە ژینگەییەکان دەبێت، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاگادارن و سەرپەرشتیی دەکەن.
هەر لەو بارەیەوە محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی تانجەرۆی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، "ئەو شوێنەی بۆ کارگەکان دیاریکراوە کێشەی نییە، چونکە لە ناوچەی نیشتەجێبوونی هاووڵاتییانەوە دوورە و دەکەوێتە دەرەوەی سنووری ئاوەدانییەوە."
محەممەد حەسیب گوتیشی، "کارەکان لەو شوێنە نوێیە دەستیان پێکردووە و هەموو پڕۆژەکان بەپێی مەرجە ژینگەییەکان، رەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لەسەر بنەمای تەندروستی و سەلامەتی جێبەجێ دەکرێن."
رۆژی 22ی حوزەیرانی رابردوو قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ژینگەی پارێزگاکە کۆبووەوە، پرسی تانجەرۆی تاوتوێ کرد و وەک "کارەساتێکی ژینگەیی" وەسفی کرد. ئاماژەی بەوەش دا، پیسبوونی ئاوی رووبارەکان لەو ناوچەیە مەترسی بۆ سەر تەندروستیی دانیشتووانی ناوچەکانی دیکەی عێراق دروست کردووە، هەر بۆیە وەک پرسێکی نیشتمانی پێویستی بە دەستێوەردانی حکومەتی فیدراڵ هەیە.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆ دەکەن و هەوڵ دەدەن بودجەی پێویستی بۆ دابین بکرێت.
پێشتریش لە حوزەیرانی 2025، شاندێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری پێشووی ژینگەی عێراق سەردانی سنووری تانجەرۆیان کرد، وەزیری ئەوکاتی ژینگەی عێراق رایگەیاند، سەردانمان بۆ بەدواداچوونی زیاتری دۆخی ناوچەکەیە، تاوەکو بتوانرێت چارەسەر بخرێتەڕوو و نەتەوەیەکگرتووەکانیش بڕە بودجەیەک بۆ جێبەجێکردنی چارەسەرەکان تەرخان بکات.



