رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵی دانیشتووی هەولێر کە بۆ سەیران لەگەڵ ماڵەوەیان چووبوونە سنووری وەرتێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەکاتی مەلەکردن لە گۆمێکدا خنکا.
رۆژی سێشەممە، 07ـی تەممووزی 2026، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیک کاژێر 06:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ لە گوندی خانەقای سەر بە ناحیەی وەرتێ، منداڵێک بە مەبەستی مەلەکردن چووە ناو گۆمێک و بەهۆی ئەوەی مەلەی نەزانیوە، خنکاوە."
لەبارەی ناسنامەی منداڵەکە، میراودەلی گوتی، ناوی (محەممەد فەلاح سەباح)، تەمەنی 12 ساڵ، خەڵکی کەرکووک و دانیشتووی شاری هەولێر بووە؛ باسی لەوەش کرد، محەممەد بە مەبەستی سەیران و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەگەڵ دایکی و خوشکی سەردانی ئەو ناوچەیەیان کردبوو.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێ، "تەرمی منداڵەکە دەرهێندرا، گوێزرایەوە دادپزیشکی و دواتر رادەستی کەسوکاری کرایەوە."
لەبارەی ئامارەکانی خنکان لە سنوورەکە، کاروان میراودەلی گوتی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 5 کەس لە سنووری سۆران خنکاون و توانراوە 13 کەسیش لە خنکان رزگار بکرێن.




