رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و دابەشکردنی خۆراکی هەولێر رایگەیاند، بڕیارە بە زوویی دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی چوارەمی بەشە خۆراکی مانگی حوزەیرانی 2026 بکرێت، بەڵام بەهۆی درەنگکەوتنی دابەشکردن، مەترسی تێکچوونی هەندێک لە مادە خۆراکییەکان هەیە.
عەباس محەممەد، یەکێک لە بریکارانی دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، بە رووداوی گوت، سێ رۆژە سەرجەم مادەکانم وەرگرتووە، بەڵام کۆمپانیای دابینکەر رێگە نادات دەست بە دابەشکردن بکەم. بە بیانووی ئەوەی تاوەکو هەموو بریکارەکان تەواوی مادەکانیان وەرنەگرن، رێگە بە دابەشکردن نادرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، بەرزبوونی پلەکانی گەرما مەترسی خراپبوونی هەندێک لە مادە خۆراکییەکانی زیاد کردووە، بە تایبەتی برنج. "فێنککەرەوەم بۆ پاراستنی برنجەکە داناوە."
هاوکات، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی و دابەشکردنی خۆراکی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند، "دواکەوتنی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی ئەم مانگە بەهۆی کێشەیەکە کە بەغدا دروستی کردووە، بەڵام هەوڵدەدەین لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە دابەشکردن بکرێت."
لەبارەی کێشەکە، دلێرعەبدولواحید گوتی، "بۆ کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە، بەغدا رێگەنادات برنجی ئەم مانگە لە کۆگەکانمان دابنێین تاوەکو بەشی پێویستی سەرجەم بریکارەکان دابین دەکرێت."
سەبەتەی چوارەمی بەشە خۆراکی مانگانە پێکدێت لە:
- 3 کیلۆ برنج
- 1 کیلۆ شەکر
- 1 لیتر زەیت
- 500 گرام نیسک
- 500 گرام لەتکەنۆک
- 400 گرام دۆشاوی تەماتە
.jpg&w=3840&q=75)


