رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئامادەکاری دەکات بۆ دابەشکردنی بەنزین لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنی. بەرپرسێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێ، هەمان کارتی ئەلیکترۆنییە کە نەوتی پێ وەردەگیرێت.
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆبوون بۆ وەرگرتنی بەنزین دروست ناکەین، بەڵکو هەر بەو کارتی سووتەمەنییە دەبێ کە ئێستا هاونیشتمانیان هەیانە و نەوت و گازی شلی پێ وەردەگرن".
لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی: "کارتی ئەلیکترۆنی سەرەتا هەر بۆ ئەوە دروستکراوە بۆ بەنزینیش سوودی لێ وەربگیرێت، ئامانجەکەش ئەوەیە نرخی بەنزین جێگیر بکرێت و بە یەکسانی دابەش بکرێت".
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەوە سالار محەممەد گوتی: "بۆ دابەشکردنی بەنزین بە کارتی ئەلیکترۆنی رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر بەنزینمان پێویستە، ئێستا 752 هەزار لیتری بەنزینی نرخی پاڵپشتیکراومان پێدەگات، لەگەڵ زیادبوونی پشکەکە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە، دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە".
لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، هەرکات پڕۆژەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو پشکەش دیاری دەکرێ، کە شۆفێر هەفتانە یان مانگانە دەتوانێت وەریبگرێت و نرخەکەش بە نرخی پاڵپشتیکراو دەبێت و حکومەت دەبێت دیاری بکات.
لەبارەی ئەو شۆفێرانەی فۆڕمی خۆراکیان هەولێر نییە و کارتی ئەلیکترۆنی سووتەمەنییان نییە، سالار محەممەد گوتی: "لە یەک بۆ دوو هەفتەی داهاتوودا رێنمایی نوێ دەردەکەین بۆ پێدانی کارتی ئەلیکترۆنی بە هەموو ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان هەیە و لە هەولێر نیشتەجێن و کارتی سووتەمەنییان نییە".
جگە لە بەنزینی حکومیی کە لیتری بە 750 دینارە و بۆ وەرگرتنی نۆرەیەکی چەند کاژێری پێویستە، نرخی بەنزینی نۆرماڵ بەرزبووەتەوە و لە بەنزینخانەکان لیتری بە زیاتر لە هەزار و 100 دینارە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان دەیەوێ بەم پلانە نرخی بەنزین جێگیر بکات.

.jpg&w=3840&q=75)

