رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاستی ئاوی سەرجەم بەنداوەکان لە دۆخێکی باشدایە و بەرنامەی هاوینە بۆ بەردانەوەی ئاو دەستیپێکردووە. راشیگەیاند، ئەم ساڵ جگە لە بەنداوی گۆمەسپان، سەرجەم بەنداوەکان سەرڕێژ بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-07-2026 رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە وەرزی بارانبارینی پێشوودا، ئاوی پێویست بۆ بەکارهێنانی هاوینە لە بەنداوەکاندا گلدراوەتەوە.
بە گوتەی رەحمان خانی، ئەم ساڵ سەرجەم بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان سەرڕێژ بوون، جگە لە بەنداوی گۆمەسپان کە نزیکەی 27 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دەستپێکردنی بەرنامەی هاوینەی بەنداوەکان کرد و گوتی، ''لەم وەرزەدا بەپێی پێویست ئاوی بەنداوەکان بەردەدرێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوەکەیان.''
بەشێک لە ئاوی نێوەڕاست و خوارووی عێراق لە رێگەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێ، بەتایبەتی بەنداوی دووکان. رەحمان خانی دەڵێت، ''ئەگەر ئاومان زیاتر لە پێویستیی نێوخۆیی هەبێ، ئەوە بۆ عێراقیش بەردەدرێتەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی بارانبارینێکی باش، ئاستی ئاوی دیجلە و بەنداوی موسڵیش بەرز بووەتەوە، بۆیە پێویستییەکی ئەوتۆیان نییە.''
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان بە رووداوی گوت، بەردانەوەی ئاو بە ''پلان و بە شێوەیەکی کەم'' دەستپێکردووە و بۆ ''ناوچەکانی خوارووی بەنداو'' دەچێت کە نێوەڕاست و خوارووی عێراقیش دەگرێتەوە.
نزیکەی 25 بەنداو و 178 گۆمی دەستکرد (پۆند) لە هەرێمی کوردستان هەن، کە ساڵانە بڕێکی زۆر ئاویان تێدا گلدەدرێتەوە.
تەنیا بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان، گۆمەسپان و دهۆک توانای گلدانەوەی 10 ملیار و 140 مەتر سێجا ئاویان هەیە کە ئەم ساڵ سەرجەمیان سەرڕێژ بوون، جگە لە گۆمەسپان.



