رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکانی عێراق دەڵێ، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رێگرییان لە هەوڵێکی بردنە دەرەوەی 226 هەزار دۆلار کردووە و رێکاری یاساییشیان بەرامبەر هاووڵاتییەکە گرتووەتەبەر.
رۆژی یەکشەممە 5ی تەممووزی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکانی عێراق رایگەیاند، لەکاتی پشکنینی گەشتیاران لە هۆڵی بەڕێکردنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، توانرا دەست بەسەر بڕی 226 هەزار دۆلاری ئەمریکیدا بگیرێ کە بە هاووڵاتییەک بووە.
شیرین عەزیز، بەڕێوەبەری گومرگی فڕۆکەخانەی کەرکووک بە رووداوی گوت، "گەشتیارەکە دەیویست گەشت بکات بۆ ئەنقەرە و لە کاتی تێپەڕینی بە پشکنینی ئامێری سۆنەردا دەرکەوت لەنێو جانتاکەی پارەیەکی زۆری تێدایە. فەرمانبەرەکە پێی گوت چەندە پارەت هەڵگرتووە و ئەویش گوتی دەفتەرێکە، بەڵام لە کاتی پشکنین دەرکەوت بڕێکی ئێجگار زۆرە."
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکانی عێراق، ئەو بڕە پارەیە بە "سەرپێچیی رێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق" هەژمار کراوە، بۆیە دەستی بەسەردا گیراوە و پەڕاوی یاسایی کراوەتەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری گومرگی فڕۆکەخانەی کەرکووک، گەشتیاران دەتوانن تا دە هەزار دۆلاری ئەمریکی لەگەڵ خۆیان ببەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەکانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم پرۆسەیە لەژێر چاودێریی راستەوخۆی کارگێری بنکەی گومرگی فڕۆکەخانە و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە.



