رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند هەر یەک لە خورشید هەرکی و براکەی، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی پێشمەرگەیەک،هاونیشتمانیییەک و نانەوەی ئاژاوەگێڕی و چەندین تۆمەتی دیکە، دەستگیرکراون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزێکی پۆلیس، خورشید هەرکی و براکەیان لە سنووری شارۆچکەی خەباتی پارێزگای هەولێر دەستگیرکرد.
رۆژی یەکشەممە، 5-7-2026 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر راگەیێندراوێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای هەبوونی سکاڵای یاسایی و لەسەر فەرمانی دادوەر، هەردوو تۆمەتبار (خورشید لەتیف و حەیدەر لەتیف) لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی هەولێر لەبارەی تۆمەتی سەر ئەو دوو کەسە دەڵێت: "لە ماوەی رابردوودا بوونەتە هۆکاری ئاژاوەگێڕی و کێشە، دەستدرێژییان کردووەتە سەر موڵک و ماڵی هاووڵاتییان و موڵکی گشتی، هەروەها تۆمەتبارن بە شەهیدکردنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک و سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە."
هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەو دوو تۆمەتبارە کاریان بۆ "هاندانی خەڵک دژی یاسا و سەقامگیریی گشتی، رێگریکردن لە پڕۆژە حکومییەکان و هەڕەشەکردن لە تێکدانی ژێرخانی ئابووری" لە شوێنە جیاجیاکانی قەزای خەبات کردووە.
پۆلیسی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە ماوەی داهاتوودا هەردوو ناوبراو لەسەر ئەو تاوانانەی دراونەتە پاڵیان، رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و دەشڵێت: "هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە سەروماڵیان پارێزراوە و یاسا سەروەرە، رێگە بە هیچ کەسێکیش نادرێت ئاسایشی وڵات تێکبدات."
ئێوارەی رۆژی 08-07-2025 لە گوندی گردەڕەشەی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر، شەڕ لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی خورشید هەرکی روویدا. 5 رۆژ پێشتر گرژی لەنێوان بەشێک لە هۆزی هەرکی کە کەسانی نزیک لە خورشید هەرکی بوون، لەگەڵ هۆزی گۆران دروستبوو.
لە ئەنجامی شەڕەکەی 8ی مانگی تەممووزدا دوو کەس گیانیان لە دەست دا؛ یەکێکیان کارمەندێکی زێرەڤانی بوو و ئەوی دیکەیان هاووڵاتییەکی سەر بە هۆزی هەرکی و دانیشتووی خەبات بوو.
پێشتر لە 28-10-2025 خورشید هەرکی، بە رووداوی راگەیاندبوو، ئەو کێشە گەورەیەی لەسەر زەوی و زار لەگەڵ هۆزی گۆران هەیبوو، بە هەوڵی سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆتایی پێهاتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
