رووداو دیجیتاڵ
منداڵە تەمەن 2 ساڵەکەی دانیشتووی هەولێر کە لە کەلار کەوتە نێو حەوزی ئاوەوە،گیانی لەدەستدا.
ئەیمەن جوانڕۆ، دانیشتووی هەولێر کە بە سەردان چووبووە کەلار، چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کاتی یاریکردن کەوتە نێو حەوزی ئاوەوە و دواتر بۆ نەخۆشخانەی فریاگوزاریی شەهید هەژار لە کەلار گوێزرایەوە.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاگوزاریی شەهید هەژار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاتێک ئەیمەنیان هێنایە نەخۆشخانەکە، دڵی لە لێدان کەوتبوو. بە هەوڵی کارمەندان و پەرستارانی نەخۆشخانەکە، توانیمان وا بکەین کە دڵی دەست بە لێدان بکاتەوە."
رەفیق قادر گوتیشی، "ئەیمن نزیکەی کاژێرێک لای ئێمە مایەوە و دواتر بەڕێمانکرد بۆ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی، چونکە دەبوو لەژێر چاودێریی چڕدا بمێنێتەوە."
ئەیمەن جوانڕۆی تەمەن 2 ساڵ دوای نزیکەی 3 رۆژ مانەوە لەژێر چاودیریی چڕ لە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تەممووزی 2026 گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی رەوانەی هەولێر کرایەوە.


