رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر بڕی پێدانی بەنزینی 750 دیناری دیاریکرا و پڕکردنی بوتڵی گازی ماڵانیش (LPG) لە بەنزینخانە قەدەخە کرا. بەرپرسێکی نەوت و کانزاکان هۆکارەکان دەخاتەڕوو و دەڵێ، دەیانەوێ بەنزین بە یەکسانی دابەش بکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، پڕکردنەوەی بوتڵی گازی ماڵان لە بەنزینخانەکان بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
لە هەولێر پێدانی بوتڵی گازی حکومەتی بوتڵی بە 8500 دینار بە گوێرەی فۆڕمی خۆراکە، ئەوانەی دانیشتووی شارەکەن و فۆڕمی خۆراکیان پارێزگایەکی دیکەیە ناتوانن ئەو گازە وەربگرن و دەبێت لە بەنزینخانە، یان شوێنێکی دیکەی بازرگانی بوتڵی گاز پڕبکەنەوە.
سالار محەممەد، لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەر کەسێک فۆڕمی خۆراکی هەولێر نییە، بریکاری بازرگانیی گاز لە گەڕەکەکان دەگەڕێت و دەتوانن لای ئەوان گازەکەیان پڕبکەنەوە و پێویستیان بە چوون بۆ بەنزینخانەکان نابێت".
لە بەنزینخانەکان لیترێک گازی ماڵان بە نزیکەی 400 دینارە، واتە بوتڵێک بە نزیکەی 9000 هەزار دینار پڕ دەکرێتەوە. لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی: "بریکاری بازرگانیی گەرەکەکانیش بە نرخی رۆژ گازەکە پڕ دەکەنەوە، بوتڵی لە نزیکەی 9000 هەزار دینار دەبێ".
لەبارەی هۆکاری قەدخەکردنەوەکەشەوە سالار محەممەد گوتی: "گازی بەنزینخانەکان بۆ ئۆتۆمبێلە، هەروەها بوتڵەکان لە کارگەکان چاکسازییان تێدا دەکرێ و پێویستیانە بۆ سەلامەتی خەڵک، بەڵام بوتڵ هەر ببرێتە نزینخانە و پڕبکرێتەوە، هیچ چاکسازییەکی تێدا ناکرێ".
پێدانی بەنزینی 750 دیناری سنووردار کرا
لە هەرێمی کوردستان لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بەرزبووەتەوە، لە هەولێر لیترێک 1150 دینارە، بەڵام بەنزینی حکومی دابەش دەکرێ لیتری بە 750 دینار، بۆ وەرگرتنی نۆرەیەکی چەند کاژێری پێویستە.
لێپرسراوی لیژنەی پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتی: "لەمەودوا ئەو شۆفێرانەی بەنزینی 750 دیناری وەردەگرن ناتوانن لە 50 لیتر زیاتر وەربگرن، چیدی ئەوە نامێنێت تانکی بەنزینەکەیان فول بکەن".
لەبارەی هۆکارەکەشەوە سالار محەممەد گوتی: "شۆفێران ناڕەزاییان هەبوو، دەڵێن ئۆتۆمبێل هەیە 120 لیتری تێدەکات و بەهۆیەوە نۆرەکان زۆر درێژتر دەبێتەوە، لەکاتێکدا بەشێکی ئۆتۆمبێل نۆرە دەگرێت و 40 بۆ 50 لیتری تێدەکات، دەمانەوێ بەنزینەکە بە یەکسانی بەسەر هەموواندا دابەش بکرێ".
بەگوێرەی نەوت و کانزاکانی هەولێر، ئەمڕۆ لە 20 بەنزینخانە بەنزینی حکومی دابەش دەکرێت.



