رووداو دیجیتاڵ
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، سێ فڕۆکە دەمێکە لە ئاسمانی هەولێر دەسووڕێنەوە و ناتوانن بنیشنەوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە دەڵێت، هۆکارەکە قەرەباڵخییە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-7-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەنیا لە ئەڵمانیاوە پێنج فڕۆکە بەدوای یەکدا هاتوون، ئاسمان قەرەباڵخە و هیچ کێشەیەکمان نییە".
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر گوتیشی: "هەموو ئەو فڕۆکانەی لە ئاسمانی هەولێردان بە بێ کێشە مۆڵەتی نیشتنەوەیان پێدەدرێ و کەس ناچاری گەڕانەوە ناکرێ، هیچ کێشەیەک نییە و ئەوەی هەیە تەنیا قەرەباڵخیی ئاسمانییە".
لە هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەن، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی.



