رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بووەتە جێژوانی وەرزشدۆستان. هاونیشتمانییان لە رێگەی شاشەیەکی گەورەوە بە کۆمەڵ بینەری یارییەکانی جامی جیهانی دەبن و کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشیان دروست کردووە.
ئەم شاشە زەبەلاحە لەلایەن کۆمپانیای مەڵتیمیدیاوە لەناو پارکەکەدا جێگیر کراوە و تۆڕی میدیایی رووداو وەک سپۆنسەری سەرەکی، پشتگیری لەم دەستپێشخەرییە وەرزشییە کردووە بۆ ئەوەی زۆرترین کەس بتوانن لە دۆخێکی گونجاودا گۆڵ و ململانێی تیپەکان ببینن.
رۆژانە ژمارەیەکی پێوانەیی لە هاونیشتمانییان، لە گەنجان، بەتەمەنەکان و خێزانەکان، روو لە پارکەکە دەکەن. ئامادەبووان لەناو سروشتی پارکەکەدا و لە کەشێکی فێنک و ئارامدا کاتەکانیان بەسەر دەبەن و پێکەوە هانی تیمی دڵخوازی خۆیان دەدەن.
چوونە ژوورەوە بۆ شوێنی شاشەکە و تەماشاکردنی یارییەکان بۆ هەمووان بەخۆڕاییە و ئەم خزمەتگوزارییە تاوەکو دوایین رۆژی یارییەکانی مۆندیال بەردەوام دەبێت.
بۆ رەخساندنی کەشێکی گونجاوتر، هیچ رێگرییەک نییە لە هێنانی خواردن و خواردنەوە؛ هاونیشتمانییان دەتوانن پێداویستییەکانی خۆیان لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ناو پارکەکە و لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا لەگەڵ دۆست و خێزانەکانیان کاتێکی خۆش و پڕ لە چێژ بەسەر ببەن.
