رووداو دیجیتاڵ
رۆژی یەکشەممە بنەماڵەی هەڵکەوت عەزیز لە قەزای دەغارەی پارێزگای دیوانییە، سکاڵای یاساییان لەسەر شۆفێری ئەو بارهەڵگرە تۆمار کرد کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز. زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا بە یاوەری خەتاب عەجمی، وێنەگری تۆڕی میدیایی رووداو کە لەکاتی رووداوەکە، شۆفێری تیمەکەی هەڵکەوت عەزیز بوو، چووە دیوانییە و لەزمانی ئەو و پۆلیس و نەخۆشخانەی پارێزگاکە هۆکار و چۆنێتیی رووداوەکەی خستووەتەڕوو.
خەتاب عەجمی بە ترس و خەمێکی زۆرەوە گەڕایەوە ئەو شوێنەی کە رووداوەکە روویداوە و هەڵکەوت عەزیز بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا. خەتاب باسی کاتی رووداوەکەی کرد و دەڵێ؛ "هەڵکەوت گوتی ئاگاداربە ئۆتۆمبێلە. گوتم دەزانم لێم دیارە. سەری ئۆتۆمبێلەکە ئاوای دەکرد ستۆپم کرد. ئەو ئۆتۆمبێلەکەی بە ئاراستەی من سووڕاندەوە، نەوەک بەئاراستەی خۆی. شەقامەکەی بەتەواوەتی داخست. سەری ئۆتۆمبێلەکە رۆیشت، لاشەکەیشی بۆمن هات. من لێرە کەوتمە سەر خۆڵەکە ئەویش بە لاشەی ئۆتۆمبێلەکە لێیداین".
رووداوەکە لە قەزای دەغارە بووە. نزیکەی 18 کیلۆمەتر لە نەخۆشخانەی دیوانییەوە دوور بووە. هەدیل عەبدولڕەسوڵ، کە پزیشکی چاودێری چڕە، سەرپەرشتی کەیسی هەڵکەوت عەزیزی کرد. بەم شێوەیە باسی دۆخی هەڵکەوت دەکات، کاتێک گەیێندرایە نەخۆشخانەی دیوانییە؛ "کەگەییندرایە لامان لە قۆناغێکی ترسناک بوو. رێکارە پێویستیەکانی بۆکرا. تیشکی بۆ گیرا هێنایەنە ئێرە، بەڵام دۆخی زۆر خراپ بوو. دوای چارەگێک گیانی لە دەستدا ، خوێنبەربونی مێشک، زەبری سیەکان و شکانی شەویلاگ هەبوو برینەکەی تووند بوو".
شوفێرەکە گەنجێکی تەمەن 27 ساڵی دانیشتووی حلەیە. بە بارهەڵگرەکەی بەرەو بەسرە رۆیشتووە. لەڕێی نێودەوڵەتی بەغدا-بەسرە لە نزیک قەزای دەغارەی دیوانییە، بەهۆی خەواڵوویی سوکانی لەدەست دەرچووە و بەسەر ئۆتۆمبێلەکەی تیمی رووداودا شکاندوویەتەوە.
سادق عەبدولحوسێن، بەڕێوەبەری هاتووچۆی پارێزگای دیوانییە لە بارەی رووداوەکەوە دەڵێت: "ئەنجامی رووداوەکە کەمتەرخەمی شۆفێری بارهەڵگرەکە بووە بەرێژەیی 100% . هاوسەنگی لەدەستداوە و خۆی بەئۆتۆمبێلی تەنیشتی کێشاوە".
شۆفێری بارهەڵگرەکە ئێستا لە بنکەی پۆلیسی دەغارە دەستبەسەرە... رۆژی یەکشەممە خانەوادەی هەڵکەوت بە فەرمی سکاڵای یاساییان لەسەر شۆفێرەکە تۆمار کرد و گوتەیان لێوەرگیرا. چاوەڕێن بەمزووانە یەکەم دانیشتنی دادگاییەکە بەڕێوە بچێت.

.jpg&w=3840&q=75)

