رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دەست بەسەر بڕێکی زۆر یاری ئاگرین و تەقەمەنیدا گیراوە؛ گوتەبێژەکەیشیان دەڵێت: "بڕی تەقەمەنییەکە دوو تۆنە."
ئەمڕۆ سێشەممە 2-6-2026 موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەڵمەتێکدا، لە رۆژانی جەژن و دوای جەژنیش هەر بەردەوام دەبین، دەستمان بەسەر بڕێکی زۆر یاریی ئاگرینی منداڵان و تەقەمەنیدا گرت."
بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بڕی ئەو یاریی ئاگرین و تەقەمەنییەی دەستی بەسەردا گیراوە، دوو تۆنە؛ بڕیار بووە لە بازاڕەکاندا ساغ بکرێنەوە.
موقەدەم کیفاح روونیکردەوە، "ئامانجمان لەم رێوشوێنانە، پاراستنی سەلامەتیی گشتی و رێگریکردنە لەو دیاردە نادروستانەی کە دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و زیانگەیاندن بە منداڵان و مێرمنداڵان."
پۆلیسی هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە کە مەفرەزەکانیان لەسەر شەقام و بازاڕەکان دەبن بۆ رێگری لە فرۆشتنی ئەم ماددانە.
لەبارەی رێکاری یاساییەوە، موقەدەم کیفاح دەڵێت: "رێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە پابەندی رێنوێنییەکان نابن و بازرگانی بەم جۆرە تەقەمەنییانەوە دەکەن."
پۆلیسی هەولێر داوا لە هاووڵاتیان، دایک و باوکان دەکات، هاوکارییان بکەن و رێگری لە منداڵەکانیان بکەن کە ئەم یارییە مەترسیدارانە نەکڕن؛ دەشڵێت: "تاوەکو پێکەوە ژینگەیەکی ئارام و بێ مەترسی بپارێزین."

