رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ بە دروشمی "من کوردستانیم"، خولی 18یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب کرایەوە، تێیدا زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب بە زمانە جیاوازەکان دەخرێنەڕوو.
سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2026 بە فەرمی پێشانگەکەی کردەوە، کە بڕیارە بۆ 10 رۆژ و تاوەکو 31ی ئەم مانگە لە هۆڵی پێشانگەکان لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بەردەوام بێت.
بەگوێرەی سەرپەرشتیارانی پێشانگەکە بۆ رووداو، وەشانخانەکانی بەشدار لە 18 وڵاتەوە هاتوون و زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی جۆراوجۆر لە بوارەکانی ئەدەب، هزری و مەعریفە دەخرێنەڕوو. کتێبەکان بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی بە شێوەزارە جیاوازەکانییەوە، هەروەها ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، فارسی، تورکی و چەند زمانێکی دیکەی بیانی بەردەست دەبن.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب یەکێکە لە رووداوە رۆشنبیرییە دیارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە وەشانخانە، نووسەران، رۆشنبیران و خوێنەران کۆدەکاتەوە و رێز لە فرەچەشنیی کولتووری، زمانی و کرانەوە بەڕووی ئەزموونە هزری و ئەدەبییە جیاوازەکاندا دەگرێ.
لە رۆژانی پێشانگەکەدا، وەشانخانە بەشداربووەکان داشکاندن بۆ بەشێکی زۆری کتێب و بڵاوکراوەکانیان دەکەن، ئەمەش دەرفەت بە خوێنەران دەدات ناونیشانە نوێ و جۆراوجۆرەکان بە نرخی داشکێندراو بکڕن.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاوەکو 08:00ـی ئێوارە بەڕووی سەردانیکاراندا کراوە دەبێت.

