رووداو - هەولێر
دەرزی ئایلیا کە بۆ نەخۆشییەکانی تۆڕی چاو بەکاردەهێندرێت، لە دەرەوە بە قاچاخ دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە دەرمانخانەکانیش بە نەخۆشی دەفرۆشن.
ئەو دەرزییە قاچاخە تەنیا لە چەند دەرمانخانەیەکی دیاریکراو لە هەولێر دەفرۆشرێت. نرخەکەی لە تورکیا دەگاتە 440 دۆلار بەڵام لە کوردستان بە 300 دۆلار دەفرۆشرێت.
دەرزی ئایلیا دەرمانێكە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی تۆڕی چاوی پەیوەست بە شەکرە و گۆڕانکارییەکانی تەمەن لەسەر چاو و جەڵتەی تۆڕی چاو بەكاردەهێندرێت. سەرچاوەی سەرەکی دروستکردنی دەرزییەکە ئەڵمانیاییە، بەڵام تورکیاش رێگەپێدانی دروستکردنی دەرزییەکەی وەرگرتووە بەمەرجێک تەنیا لەنێوخۆ بەرهەمبهێندرێت و بفرۆشرێت.
تاوەکو ئێستا پزیشکان و کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان نازانن چی لەنێو شووشەی دەرزییەکەدا هەیە. خراپی و شێوازی نادروستی هێنانی دەرزییەکەش وایکردووە بەشێک لە پزیشکان بۆ نەخۆش بەکارینەهێنن. بەڵام بەپێی ئەو رەچەتە پزیشکییانەی دەست رووداو کەوتوون، لە بەشێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی چاو پزیشکان دەرزییە ساختەکە بۆ نەخۆشانی چاو بەکاردەهێنن.
دکتۆر گۆران رۆژبەیانی، بەڕێوەبەری کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان هۆشداریدەدات کە نابێ ئەو جۆرە دەرزییە بۆ نەخۆش بەکاربهێندرێت، چونکە پشکنینی بۆ نەکراوە و نازاندرێت چۆن و بە چی شێوەیەک هاوردەکراوە.
زبێدە سەعید تەمەن 82 ساڵ، ماوەی ساڵێکە تووشی جەڵتەی چاو بووە و پەڵەیەکی رەش لە بینایی دروستبووە، بۆ ئەوەی لە نەخۆشییەکە رزگاری بێت، سێجار دەرزی ئایلیای بەکارهێناوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت لە جیاتی ئەوەی چاوی چاکبێتەوە، هێدی هێدی توانای بینایی بەرەوە خراپی دەڕوات.
ئایلیا دەرزی ئاڤاستین بیری تووشبووانی نەخۆشییەکانی چاو دەهێنێتەوە، کە مانگی 4ـی ساڵی 2013 لە نەخۆشخانەیەکی حکومی لە هەولێر چاوی 30 نەخۆشی کوێرکرد.