رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، رێژەی کورد لە پارێزگای دیالە بە شێوەیەکی "مەترسیدار" پاشەکشەی کردووە. سەرۆکی دەستەکەش دەڵێت، تەنیا لە ناحیەی گوڵاڵە رێژەی کورد بۆ 5% دابەزیوە و پڕۆسەی "تەعریب" بەردەوامە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ناوچە کوردستانییەکان کرۆکی کێشەی نەتەوەیی کوردن لە عێراقدا، بەڵام ساڵ بە ساڵ رێژەی کورد لەو ناوچانە لە پاشەکشەی بەردەوام و مەترسیداردایە."
بەپێی ئەو داتایانەی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان کۆی کردوونەتەوە و بەراوردکاری بۆ سەرژمێرییەکانی ساڵی 1957 تاوەکو 1977 کردووە، دەرکەوتووە لەو ماوەیەدا رێژەی کورد لە پارێزگای دیالە 20% کەمی کردووە.
لە ساڵی 1957دا رێژەی کورد لە دیالە 37% بووە، بەڵام لە سەرژمێریی 1977دا ئەو رێژەیە بۆ تەنیا 10.7% دابەزیوە. لە بەرامبەردا، رێژەی عەرەب لە 56%ـەوە بۆ 87% بەرزبووەتەوە.
فەهمی بورهان لەمبارەیەوە گوتی: "ئەمە گۆڕانکارییەکی ناسرووشتییە؛ بۆ نموونە لەنێوان ساڵانی 1968 بۆ 1977، ساڵانە 204 کورد لەو ناوچانە کەم بووەتەوە و لە بەرامبەردا 597 عەرەب زیادیان کردووە."
گوڵاڵە و سەعدیە؛ مەترسیی سڕینەوەی ناسنامە
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە دۆخی ناحیەی گوڵاڵە لە هەموو شوێنێک خراپترە. فەهمی بورهان ئاشکرای دەکات کە ئێستا ژمارەی دانیشتووانی گوڵاڵە لە 100,000 کەس نزیک بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تەنیا 5%ـیان کورد بن، لە کاتێکدا لە ساڵی 1987دا رێژەی کورد لەوێ 12.9% بووە. ئەم دۆخە بۆ ناحیەی سەعدیەش هەمان شێوەیە، کە لە ساڵی 1987دا کورد تێیدا 16.8% بووە و عەرەب 87.8%ی دانیشتووانی پێکهێناوە.
لە پارێزگای دیالە، تەنیا قەزای خانەقین توانیویەتی تا ئاستێک هاوسەنگییەکە بپارێزێت، هەرچەندە ئەویش بێبەش نەبووە لە تەعریب. بەپێی راپۆرتەکە، پێش تێکدانی گوندەکان لەلایەن رژێمی بەعسەوە، 238 گوندی کوردی سەر بە خانەقین هەبوون کە زیاتر لە 53,000 کەسیان تێدا نیشتەجێ بووە.
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان هۆشداریی دا کە پڕۆسەی نیشتەجێکردنی عەرەب لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە و گوتی: "نزیکەی 400,000 کەس لە قەزای حەویجە و ناحییەکان نیشتەجێ کراون، ئەمەش وای کردووە رێژەی کورد بە شێوەیەکی مەترسیدار لە ناوچەکانی دەوروبەری کەرکووک کەم ببێتەوە."
فەهمی بورهان جەختی کردەوە کە چیدیکە ناکرێت ئەم پرسە پشتگوێ بخرێت؛ هەرچەندە سەرکردایەتیی کورد سازشی لەسەر خاک نەکردووە، بەڵام پێویست بوو پرسی خاک بە جدی لە کارنامەی حکومەتی عێراقدا جێگیر بکرێت بۆ ئەوەی رێگری لەم داڕمانە دیمۆگرافییە بکرێت کە هەڕەشە لە ناسنامەی کوردستانیبوونی ناوچەکە دەکات.