رووداو دیجیتاڵ
لە ئامەدی باکووری کوردستاندا شەڕ لەنێوان دوو گرووپدا روویدا؛ هاونیشتمانییەک کوژرا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی دووشەممە، 25ـی ئایاری 2026، گەڕەکی هوزورئێڤلەری لە ناوچەی پایاس روویداوە، بەهۆی هۆکارێکی نەزانراوەوە دەمەقاڵێ لەنێوان دوو گرووپدا دروستبوو. دواتر دەمەقاڵێیەکە سەری کێشا بۆ شەڕەتەقە. لە شەڕەکەدا دوو کەس بە سەختی بریندار بوون.
دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، تیمەکانی فریاکەوتنی 112 و هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
تیمەکانی تەندروستی دوای پشکنین بۆیان دەرکەوت کە یەکێک لە بریندارەکان گیانی لەدەستداوە، بریندارەکەی دیکەش بە ئەمبوڵانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی دیجلە.
هێزەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گەڕان کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەو شەڕەدا بەشدار بوون.
بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای ئوموت، ساڵی 2025 لە تورکیا و باکووری کوردستاندا سێ هەزار و 422 رووداوی چەکداری تۆمارکراون. لەو رووداوانەدا دوو هەزار 225 کەس کوژراون و سێ هەزار و 167 کەسیش بریندار بوون.
ئایهان ئاکجان، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای ئوموت رایگەیاند، بەرامبەر هەر چەکێکی بە مۆڵەت، نۆ چەکی بێ مۆڵەت هەن.
بەگشتی لە تورکیا و باکووری کوردستاندا چوار ملیۆن چەکی مۆڵەتدراو هەیە. لە بەرامبەردا نۆ هێندە چەکی بێ مۆڵەت هەیە کە مەزەندە دەکرێت ژمارەیان 36 ملیۆن چەک بێت. ئەمە بەو مانایە دێت لە هەر سێ ماڵ یەکێکیان چەکی لێیە.
