رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، هاوتەریب لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکان و بەمەبەستی پێشکەشکردنی باشترین ئەزموونی دیجیتاڵی بە بەکارهێنەرانی، وەشانی نوێی ماڵپەڕە فەرمییەکەی راگەیاند. ئەم هەنگاوە تەنیا گۆڕانکارییەک نییە لە رەنگ و فۆنتەکاندا، بەڵکو وەرچەرخانێکی گەورەیە لە رووی تەکنیکی و خێرایی گەیشتن بە زانیارییەکان.
رۆژی 25ـی ئایاری 2026، رێوڕەسمێکی تایبەت بە ناساندنی ماڵپەڕە نوێیەکەی رووداو لە هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا هەریەکە لە یان بریم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان، لیو جیون، کۆنسووڵی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەولێر، فیۆنا بەتەرز، جێگری کۆنسووڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و تاریق عیدە، کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان، بەشدار بوون.
کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لەبارەی ماڵپەڕە نوێیەکەی رووداو گوتی، "پیرۆزباییتان لێ دەکەم. من دڵنیام ئەم گۆڕانکارییانە دەرفەتی زیاتر دەدەن بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی کوردستان و عێراق. ئێمە لە کۆنسووڵخانە سەیری لاپەڕەی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی [رووداو] دەکەین. تەنانەت لە پاریسیش سەیری رووداو دەکەین و هەواڵەکانتان جێگەی متمانەن."
فیۆنا بەتەرز رایگەیاند، بۆ بەدەستهێنانی زانیاری سەیری ماڵپەڕی رووداو دەکات و گوتی، "هەموو رۆژێک لە کاتی قاوەخواردنەوەدا سەیری دەکەم. یارمەتیم دەدات تێبگەم چی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە روودەدات. من ئابووریناسم، بۆیە زیاتر گرنگی بە بابەتە ئابوورییەکان دەدەم."
هەروەها کۆنسووڵی گشتیی فەلەستین گوتی، "لەوکاتەوەی هاتوومەتە ئێرە سەیری رووداو دەکەم. ماڵپەڕەکەتان زۆر سەرنجڕاکێشە، بەتایبەت بابەتە سیاسی و کولتوورییەکان و وتارەکان. وەکو دیپلۆماتێک وێنەیەکی جوانمان لەسەر هەرێمەکە پێ دەدات."
شەش گۆڕانکاریی تەکنیکی لە ماڵپەڕی نوێی رووداودا:
تیمی تەکنیکی رووداو، چەندین تایبەتمەندییان جێگیرکردووە کە وادەکات بەکارهێنەر بە ئاسانی و خێراییەکی زۆر زانیارییەکان بەدەستبهێنێت.
یەکەم: نەخشەی هەواڵ
بۆ یەکەم جار، سیستمێکی زیرەک داهێندراوە کە هەر هەواڵێک بە شوێنی جوگرافیی خۆیەوە دەبەستێتەوە. ئەمە یارمەتیی خوێنەر دەدات لەڕێگەی نەخشەیەکی کاراوە، سات بە سات شوێنی رووداوەکان ببینێت.
دووەم: چاتی ژیریی دەستکرد
ئەم چاتە لە چاتە جیهانییەکانی دیکە جیاوازە، چونکە تەنیا پشت داتا و ئەرشیڤی رووداو دەبەستێت. سیستمەکە بە جۆرێک پەرەیپێدراوە کە زانیاریی ناڕاست و ساختە بەرهەم نەهێنێت. بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای رووداو گوتی: "ئەگەر کاتی خوێندنەوەت نەبێت، ژیریی دەستکردەکەمان بە خێراترین شێوە هەواڵەکەت بۆ کورت دەکاتەوە."
سێیەم: بۆرسەی رووداو
لە رێگەی (Real-time Data Pipeline)ەوە، نرخی دراوەکان و زێڕ بەبێ ئەوەی پێویست بکات لاپەڕەکە "رێفرێش" بکەیتەوە، لەسەر شاشەکەت نوێ دەبنەوە. ئەمەش گوشار لەسەر سێرڤەر و پاکێجی ئینتەرنێتەکەت کەمدەکاتەوە.
چوارەم: جیهانی وەرزش و ئەنجامە خێراکان
تەواوی خولە گەورەکانی وەرزش لە یەک شوێندا کۆکراونەتەوە. کاتێک گۆڵێک دەکرێت، تەنیا چەند چرکەیەک دواتر لەسەر ماڵپەڕی رووداو دەبیندرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو سیستمە خێرایەی گواستنەوەی داتا کە بۆ بەشی وەرزش دابینکراوە.
پێنجەم: ریڵز و خێرایی بینین
بەهۆی تەکنیکی زیرەکی (Caching)، ریڵزەکان بە قەبارەیەکی بچووک و کوالێتییەکی بەرز دادەندرێن. ئەمە وادەکات تەنانەت لەسەر هێڵی ئینتەرنێتی لاوازیش، ڤیدیۆکان بێ وەستان کار بکەن و ئینتەرنێتێکی زۆر بەکارنەبەن.
شەشەم: بەشی تەندروستی و پاراستنی نهێنییەکان
ماڵپەڕەکە کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی وەک (BMI) و رێکخستنی خەو پێشکەش دەکات. گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە داتاکان نەنێردرێن بۆ سێرڤەر، بەڵکو لەناو (Local Storage)ی مۆبایلەکەتدا دەمێننەوە بۆ ئەوەی تایبەتمەندیی بەکارهێنەر بە تەواوی پارێزراو بێت.
ریکۆردی جیهانی و دەنگی کوردستان
لە مەراسیمی ناساندنی ماڵپەڕە نوێکەدا، بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری دیجیتاڵ میدیای رووداو رایگەیاند، ئامانجیان بردنە سەری ئاستی میدیای کوردییە بۆ ئاستێکی جیهانی و گوتی: "لەمەودوا هەر کەس لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، کەمتر لە یەک چرکە لە رووداوەوە دوور دەبێت. ئێمە ژێرخانێکی دیجیتاڵیمان دروستکردووە کە بۆ داهاتووی نەوەکانمان بێت."
بڕوا کیانی ئاماژەی بەوە کرد کە رووداو توانیویەتی ریکۆردی جیهانی بشکێنێت: "لە مانگێکی ئەم ساڵدا، بەرهەمەکانمان 4 ملیار جار بینراون و تێکڕای مانەوەی خوێنەر لە ماڵپەڕی رووداو 5 خولەک و 16 چرکەیە، کە ئەمە زیاتریشە لە ماڵپەڕە جیهانییەکانی وەک نیویۆرک تایمز و رۆیتەرز."
فازل هەورامی، بەرپرسی دێسکی ئینگلیزیی رووداو، ئاماژەی بە ئەرکی نێودەوڵەتیی ماڵپەڕەکە کرد و گوتی: "ئەرکی ئێمە ئەوەیە کێشەکانی خەڵکی کوردستان بگەیێنینە ناوەندەکانی بڕیار لە واشنتن، برۆکسل و مۆسکۆ. ئێمە لە ژوورێکی هەواڵی فرەزماندا کار دەکەین کە هاوسەنگی و راستیی رووداوەکان لەپێشینەی کارەکانمانە."
