رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایدەگەیێنێت، کاتێک ئۆتۆمبێلێک بەناوی کڕیار دەکرێت، فرۆشیار هیچ مافێکی یاسایی لەسەر نامێنێت. ئاماژە بەوەش دەکات کە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی ژمارە هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق زۆرە.
رۆژی پێنجشەممە، 26-02-2026، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پرۆسەی گواستنەوەی خاوەندارێتیی ئۆتۆمبێل لەنێوان کڕیار و فرۆشیار، بە رێکاری یاسایی تێدەپەڕێت تاوەکو دوا هەنگاو کە ئۆتۆمبێلەکە بەناوی کڕیار دەکرێت."
گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەر کەسێک بە رەزامەندیی خۆی ئۆتۆمبێلەکەی بەناو کەسێکی دیکە بکات، ئیدی مافی لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلە نامێنێت و هەموو بەڵگەنامەکان دەگوێزرێنەوە سەر ناوی کڕیارە نوێیەکە.
لەبارەی سەرهەڵدانی کێشە لەدوای کڕین و فرۆشتن، عەقید هێمن ئەمین گوتی: "لەدوای ئەو پرۆسەیە، هەر کێشەیەک لەنێوان کڕیار و فرۆشیار رووبدات، لە دادگە یەکلایی دەکرێتەوە نەک لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ؛ ئەوەش بەپێی ئەو گرێبەستەی لەنێوانیاندا کردوویانە."
لە ماوەی رابردوودا دەنگۆیەک لەبارەی رێگری لە کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، بەڵام گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رەتیکردەوە و گوتی: "ئەوانە تەنیا زانیاریی نادروستن، بەپێچەوانەوە لە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، خواست لەسەر ژمارەی هەرێمی کوردستان زۆرە."
سەبارەت بە گۆڕینی ژمارەی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق، حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پێشتر بڕگەی دووەمی بڕیاری ژمارە 68ی ساڵی 2016 هەبوو، کە هاووڵاتییانی پارێزگاکانی عێراق دەیانتوانی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەرێم بگۆڕن بۆ ژمارەی ئەو پارێزگایەی لێی نیشتەجێن، بەڵام ئەو بڕیارە هەر ئەوکات راگیرا و ئێستا کاری پێناکرێت."
بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا کارئاسانی کراوە بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی بۆ هەر هاووڵاتییەکی عێراقی و هەرێمی کوردستان، بەبێ گوێدانە شوێنی نیشتەجێبوونیان.



.jpg&w=3840&q=75)