رووداو دیجیتاڵ
شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانیدا کۆبوونەوە و جەختیان لە گرتنەبەری دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەشداریکردن بە یەکهەڵوێستی لە کۆبوونەوەکەی 1ـی کانوونی یەکەمی بەغدا و بەرگریکردنی هاوبەش لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.
رۆژی شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانیدا، شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشی کۆبوونەوەکە، "کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بارودۆخی تازەی عێراق و هەرێمی کوردستان و یەکخستنی هەڵوێست بەرامبەر بە پرسە هەنووکەییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵەکاندا."
لە راگەیێندراوەکەدا سەبارەت بە ئەنجام و بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە هاتووە: "هەردوولا کۆکبوون لەسەر گرتنەبەری دیالۆگ بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان، بە یەکهەڵوێستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی 1ـی کانوونی یەکەمی 2026 کە لە بەغدادا بەڕێوەدەچێت و داکۆکیکردن لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا و بە هاوبەشی بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان."
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە بەغدا بەڕێوەبچێ. دوێنێ حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە گوتی، ئەو دانیشتنەی دیالۆگی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەستپێشخەری بۆ کردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت، دۆسیە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تێیدا تاوتوێ دەکرێن.
دەقی راگەیێندراوەکە
راگەیێندراوی كۆبوونه‌وه‌ى شاندى باڵاى پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 2026/11/28 ، له باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له سلێمانی، شاندی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونه‌وه.
كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به بارودۆخی تازه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و یه‌كخستنی هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به پرسە هه‌نووكه‌ییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه فیدراڵییه‌كان.
هه‌ردوولا كۆك بوون له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری دیالۆگ به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به یه‌كهه‌ڵوێستی به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی 2026/12/1 كه له به‌غدا به‌ڕێوه ده‌چێت و داكۆكیكردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌كان له چوارچێوه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراقدا و به هاوبه‌شی به‌رگریكردن له مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.




