رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی راگەیاندنی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا جەختی کردەوە کە بڕیارەکانی عێراق "بابەتێکی نیشتمانیی پەتییە" و حکومەت رەوایەتیی بڕیارەکانی لە هەڵوێست یان ئاراستەی هیچ وڵات و لایەنێکی دەرەکییەوە وەرناگرێت.
راگەیێندراوەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە، کۆماری عێراق "دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو، دیموکراتی و فیدراڵییە"؛ دەسەڵاتەکانی و رەوایەتیی دامەزراوەکانی لە دەستوور و ئیرادەی گەلەکەیەوە وەردەگرێت و بە سەربەخۆیی تەواو، بەپێی یاسا و بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی جێبەجێ دەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو رێکارانەی حکومەت لە ناو سنوورە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکانی عێراقدا دەیانگرێتەبەر، لە ئیرادەی سەربەخۆی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و تەنیا پشت بە دەسەڵاتە دەستوورییەکان و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی دەبەستن، نەک وەک وەڵامێک بۆ هاندان، سەپاندن یان ئاراستەکردنی هیچ لایەنێکی دەرەکی.
لە راگەیێندراوەکەدا دووپات کراوەتەوە کە حکومەتی عێراق چاوەڕێی هاندان لە هیچ کەسێک ناکات بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە دەستووری و سەروەرییەکانی، بەڵکو بەپێی بەرژەوەندیی باڵای عێراق، مافی گەلەکەی و پێداویستییەکانی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی هەنگاو دەنێت و راشیدەگەیێنێت، "بڕیارمان عێراقییە، ئیرادەمان نیشتمانییە، مەرجەعمان دەستوور و یاسایە، و بەرژەوەندیی باڵای عێراقیش ئەو پێوەرەیە کە هەڵوێست و رێکارەکانمان دیاری دەکات."
ئەم راگەیێندراوەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە 24-11-2026، دوای دەرکردنی زنجیرەیەک بڕیار و رێکاری کارگێڕی، ئەمنی و تەکنیکی لەلایەن بەغداوە سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، کاردانەوەی تووندی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە کە ئەمە بەشێکیانن:
سەرۆک مەسعود بارزانی: رایگەیاند کە جموجۆڵ و هەڵچوونێکی ناسرووشتی لە ناوەندەکانی بڕیاری عێراقدا لە دژی هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت و جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان "ناچێتە ژێر باری بڕیاری نادەستووری و سەپاندنی ئیرادەی هیچ کەس و لایەنێک."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: نیگەرانی و سەرسووڕمانی خۆی لە راگەیێندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی بە هەموو شێوەیەک رەت دەکەنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور بێت.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: بڕیارەکانی بە "پێچەوانەی گفتوگۆکان و جێگەی قبووڵنەکردن" وەسف کرد و رایگەیاند، ئامادەن ناکۆکییە نێوخۆییەکان وەلاوە بنێن و هەمووان ببنە پێشمەرگە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: جەختی لە گەڕانەوە بۆ دەستوور وەک چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان کردەوە و رایگەیاند، پابەندن بە پاراستنی شکۆ، خاک و پێگەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەر کاتێک پێویست بکات.



