رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگای کەرکووک، بەرپرسێکی کەرتی کارەبای داقووق و فەرمانبەرێکی خانەنشینییان بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل، دەستکاریکردنی پێوەری کارەبا و خەرجکردنی زیاتر لە 45 ملیۆن دینار بە بەڵگەنامەی ساختە، دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی تشرینی دووەمی 2026، دەستەی دەستپاکی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر بوونی گومانی گەندەڵی و سەرپێچی لای یەکێک لە بەرپرسانی هۆبەکان (بەرپرسی فرۆشتن) لە کەرتی کارەبای قەزای داقووق، دەستیان بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە کردووە و توانیویانە تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو بەرپرسەی کارەبای داقووق داوای بڕێک پارەی لە خاوەنی یەکێک لە کارگەکانی ئالیک لە پارێزگاکە کردووە، لە بەرامبەر دەستکاریکردنی پێوەری کارەبای کارگەکە و گۆڕینی خوێندنەوەکەی، ئەمەش بە پێشێلکردنی ئەرکی وەزیفی و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندیی ئەو فەرمانگەیەی کاری تێدا دەکات، هەژمارکراوە.
لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی جیاوازدا، تیمی مەیدانیی سەر بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووک توانیویەتی فەرمانبەرێکی لقی دەستەی خانەنشینی نیشتمانی لە پارێزگاکە دەستگیر بکات، هاوکات دەستیش بەسەر ژمارەیەک بەڵگەنامەی ساختەدا گیراوە، کە بۆ خەرجکردنی پارەی خانەنشینی بە پێچەوانەی یاسا و بەبێ ماف بەکارهێنراون.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەکردوە، بڕی ئەو پارەیەی بە ساختەکاری خەرجکراوە گەیشتووەتە 45 ملیۆن و 23 هەزار و 500 دینار، هەروەها فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەند تۆمەتبارێکی دیکەش لە هەمان دۆسیەدا دەرچووە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆنووسی یاسایی بۆ هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە رێکخراوە و تۆمەتبارەکان رادەستی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرکووکی تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی کراون، دادوەریش بڕیاری داوە بە راگرتنی تۆمەتباری یەکەم بەپێی مادەی (307) و تۆمەتباری دووەمیش بەپێی مادەکانی (315، 289 و 298) لە یاسای سزادانی عێراقی.

.webp&w=3840&q=75)