رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەردانەکەیاندا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا بە وردی باسیان لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان کردووە و داوای پشتگیریی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە.
د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆکسل بە (رووداو)ی گوت: "بە یاوەریی شاندێکی نوێنەرایەتییەکەمان سەردانی پەرلەمانی ئەوروپامان کرد و لەگەڵ سیسیلیا سترادا، پەرلەمانتاری ئەوروپا لە گرووپی سۆسیالیست و دیموکراتەکان کۆبووینەوە."
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو تەوەرانەی تاوتوێکراون، د. دلاوەر ئاژگەیی بە رووداوی گوت: "تیشکمان خستە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق، بە روونیش پێگەی هەرێمی کوردستانمان وەکو فاکتەرێکی سەرەکیی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا بۆ پەرلەمانتارانی ئەوروپا خستەڕوو."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دیدارەکەدا بە وردی باسمان لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و زیانە گیانی و لێکەوتە ئابوورییەکان کرد. پێمان راگەیاندن کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە شەڕ و قەیرانەکان، بەڵکو هەمیشە وەک مەڵبەندێکی ئارام و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە."
سەبارەت بە داواکارییەکانیان لە یەکێتیی ئەوروپا، د. دلاوەر ئاژگەیی دەڵێت: "جەختمان لەوە کردەوە کە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانە، زۆر گرنگە دۆستانمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت یەکێتیی ئەوروپا پشتگیریی زیاتری هەرێمی کوردستان بکەن."
لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانتارەکەی ئەوروپاشەوە، ئاژگەیی باسی لەوەکرد: "خاتوونی پەرلەمانتار (سیسیلیا) ستایشی رۆڵی هەرێمی کوردستانی کرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ حکومەت و گەلی کوردستان دووپاتکردەوە، هەروەها ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان لەنێو ناوەندەکانی پەرلەمانی ئەوروپادا. لە کۆتاییشدا چەند پرۆژە و پلانێکی هاوبەشمان بۆ کاری ئایندەیی تاوتوێ کرد."



