رووداو دیجیتاڵ
دوو هاونیشتمانی لە رێگەی بۆکان - مهاباد بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای مهاباد دەڵێ، سێ کەسی دیکەش بریندارن.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 21-10-2026 لە رێگەی نێوان مهاباد و بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا و دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆرەکانی سەمەند و پیژۆ 405 پێکیاندادا.
موحسین رەسووڵی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای مهاباد رایگەیاند، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان بەهۆی قووڵیی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستدا.
بەگوتەی موحسین رەسووڵی، سێ لە سەرنشینانیش بریندار بوون کە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری رووداوەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئۆتۆمبێلێکی پێژۆ 405 لە کاتی تێپەڕینی تراکتۆرێکدا خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی سەمەند کە بە ئاراستەی بەرامبەری دەڕۆیشت.
بەگوێرەی راپۆرتی دادپزیشکیی پارێزگای ورمێ، لە 21-03-2026 تاوەکو 21-06-2026، 194 کەس لە پارێزگاکە بە روودای هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە، کە 152 کەسیان پیاو و 42 کەسیان ژن بوون.


