رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەری تۆماری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێ، سەرباری ئەوەی لە ساڵانی پێشوودا چاوپۆشی لە دەرچووانی پەیمانگاکان لە کۆلێژەکان دەكرا کە پلەی یەکەمیان بەدەستدەهێنا بۆ وەرگرتنیان لە پزیشکی گشتی، بەڵام لەم ساڵەوە بەپێی رێنماییەکان مەرجەکان بە تووندی جێبەجێ دەکرێن بۆ ئەوەی مافی دەرچووانی پۆلی 12 نەفەوتێت. کوێستان عەزیز، بەڕێوەبەری تۆماری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستیی سلێمانی لە لێدوانێکیدا بۆ رادیۆی رووداو، لەبارەی گلەیی و کێشەی ئەو خوێندکارانەی لە پەیمانگە یەکەم بوون و دواتر لە کۆلێژیش یەکەمی سەر بەش بوون و وەرناگیرێن، رایگەیاند: "بەپێی رێنماییەکان پێویستە خوێندکار کۆمەڵە مەرجێکی تێدا بێت، لەوانە دەبێت لە کۆلێژ یەکەم بووبێت، کۆنمرەکەی لە قۆناخی یەکەم لە 80 بەرەوژوور بێت، هیچ ساڵێکی پشوو و دواخستن یان کەوتنی نەبێت و پێشتر تەنیا یەک جار لەو مافە سوودمەند بووبێت." بەڕێوەبەری تۆماری کۆلێژی تەکنیکی تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانی پێشتردا نووسراو بۆ ئەو خوێندکارانە دەکرا و چاوپۆشی لە مەرجەکان دەکرا، بەڵام لەم ساڵەوە وەزارەت جەخت لەسەر زەوتنەکردنی مافی دەرچووانی پۆلی 12 دەکاتەوە و دەبێت رێنماییەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن، چونکە دەرچووی پەیمانگا پێشتر دوو ساڵ لە بوارەکەدا خوێندوویەتی و خاوەنی دیبلۆمە و کاتێک دەچێتە کۆلێژ، جیاوازە لە خوێندکارێک لە پۆلی 12وە دێت. سەبارەت بەم بابەتە، بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی وەرگرتنی خوێندکاران لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە 12ی ئابی 2025 بە نووسراوی (ژمارە 15032) وەڵامی بۆ گشت زانکۆ حکومییەکان ناردووە و تێیدا روونی کردووەتەوە لە ساڵی خوێندنی (2026-2027)ـەوە مەرجی ئەوەی کە خوێندکار دەبێت لە ساڵی یەکەمی بێت لە قۆناخی یەکەمی زانکۆوە، پێواژۆ(سیستمی) بۆڵۆنیا جێبەجێ دەکرێت. د. خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رادیۆی رووداوی گوت، بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە کۆلێژی کۆنمرە نزم بۆ کۆلێژی کۆنمرە بەرز، چوار مەرج هەن و دەبێت هەموو مەرجەکانی تێدابێت. بەڕێوەبەری گشتیی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، دەبێت ئەو خوێندکارە ساڵی یەکەمی بێت لە زانکۆ، یان پێشتر پەیمانگەی تەواوکردبێت؛ دەرچووی خولی یەکەم بێت؛ کۆنمرەکەی لە 80 بەرەو سەرەوە بێت؛ هیچ ساڵێک دواخستن و کەوتنی نەبێت لە پۆلی 12، واتا هەر خوێندکارێک یەکێک لەو مەرجانەی تێدا نەبێت رێنماییەکە نایگرێتەوە.