رووداو دیجیتاڵ بەشێک لە ئاوارەکانی سەرێ کانی دوای گەڕانەوەیان، ناچارن بۆ چوونە نێو ماڵەکانی خۆیان پارە بەو چەکدارانە بدەن کە ماڵەکانیان داگیرکردوون، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی رێککەوتنێک، دەبووایە هەموو ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. دوای 7 ساڵ ئاوارەیی، ژنێکی کورد کاتێک دەگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی لە گوندێکی سەرێ کانی، دەبینێت چەکدارێک تێیدا نیشتەجێیە و بۆ چۆڵکردنی، داوای 6 هەزار دۆلاری لێدەکات. فاتیما ئەحمەد، ئاوارەیەکی گەڕاوەیە و بە رووداوی راگەیاند، "بەڵێ لە ماڵەکەماندان، دەڵێن دەرناچین، ئەگەر دەرنەچن خێوەتێک لەبەردەم دەرگاکەم هەڵدەدەم و چاوم لە دەستی خودا دەبێت، ئەوەی لە ماڵەکەشمە خەڵکی دێرە." ئەم خێزانانە لە ساڵی 2019 بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر سەرێ کانی و دەوروبەری، کە ئەنقەرە ناوی نابوو "کانیی ئاشتی"، ئاوارە بوون. کاتێک گەڕاونەتەوە، رووبەڕووی ماڵە تاڵانکراو و وێرانکراوەکانیان بوونەتەوە. مەحموود وەدحی، یەکێکی دیکە لە ئاوارەکان، بە رووداوی راگەیاند، "رۆژی 28ی مانگی 10ی ساڵی 2019 لەبەر شەڕ رامانکرد." زەهرا وەدحی، هاوژینی مەحموود، دەڵێت، "سوپای ئازاد هاتە سەرمان، لێیداین و دەرچووین، ماڵ و مەڕەکەمان بەجێهێشت. ئەوان هاتنە ئێرە، دزییان کرد و ماڵیان تاڵان کرد." لەلایەکی دیکەوە، تیمی سەرۆکایەتیی سووریا، کە سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم دەکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدات. د. مستەفا عەبدێ، ئەندامی تیمی سەرۆکایەتیی سووریا، بە رووداوی راگەیاند، "ئەوانەی لە ماڵەکانیاندان، بەرپرسی ئەمنیمان راسپاردووە هەرکەسێک لە ماڵی خەڵکیدا بێت دەریاندەکات، پاسەوانێکیش لەبەردەم ماڵەکانیان دەمێنێتەوە تاوەکو خاوەن ماڵ دێتەوە." رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم واژۆ کراوە بۆ ئەوەی هەموو ئاوارەیەک بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆی، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ واقیعی سەر زەوی جیاوازە.