رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان کەشوهەوای 48 کاژێری داهاتووی راگەیاند. بەپێی پێشبینییەکان، لە ئەمشەوەوە شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە بەشێکی فراوانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش دادەبەزن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمانی ناوچەکە بە زۆری هەوری تەواو دەبێت؛ لە کاتەکانی ئێوارەوە ئەگەری چالاکبوونی هەورەبرووسکە و بارینی بارانێکی کەم لە کات و شوێنی جیاوازدا هەیە.
بەپێی راگەیێندراوەکەی کەشناسی:"لە درەنگانی ئەم شەوەدا رێژەی دابارین زیاد دەکات، بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ بەشەکانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک، ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان. هەروەها پلەی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ 1 بۆ 2 پلە نزم دەبنەوە".
کەشناسی ئاماژەی بەوەش کردووە، سبەی پێنجشەممە ئاسمان بە هەوری تەواو دەمێنێتەوە؛ لە کاتەکانی بەیانی تاوەکو نیوەڕۆ کاریگەریی بارانبارین و هەورەبرووسکە لەسەر ئیدارەی سۆران و ناوچە شاخاوییەکانی، بەشێکی جیاواز لە پارێزگای هەولێر، ئیدارەی راپەڕین، بەشێک لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ ناوچەی جیاوازی ئیدارەی گەرمیان بەردەوام دەبێت، پاش نیوەڕۆش ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەور.
لەبارەی ناسەقامگیریی کەشوهەواوە، ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەی ناجێگیرە، زۆربەی کات ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت و بەپێی جیاوازی ناوچەکان باران دەبارێت و پلەی گەرما نزم دەبنەوە".
بە گوتەی ئاسۆ کەمال، ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو ئەگەری دابارین زیاتر لە دەوروبەری سلێمانی دەبێت، چونکە "بارانی ئەم وەرزە پاییزەیە و گشتگیر نییە و ناوچەییە."
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 28 پلە
پیرمام: 26 پلە
سلێمانی: 27 پلە
هەڵەبجە: 27 پلە
دهۆک: 28 پلە
زاخۆ: 28 پلە
ئاکرێ: 29 پلە
چەمچەماڵ: 28 پلە
گەرمیان: 31 پلە
حاجی ئۆمەران: 20 پلە



.png&w=3840&q=75)